بەرگریی شارستانیی راپەڕین: زیانە ماددییەکانی رووداوەکانی هاتووچۆ و ئاگرکەوتنەوە نزیکەی یەک ملیار دینار بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی راپەڕین ئامارەکانی ساڵی 2022ی سنووری ئیدارەی راپەڕینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "زیانە مادییەکان بەهۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و پێکدادانی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2022 بە 991 ملیۆن و 564 هەزار دینار خەمڵێندراوە."
 
رۆژی سێشەممە 10-01-2023 عەلی قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری چالاکییەکانی ساڵی 2022ی خستەڕوو و رایگەیاند، "لە ماوەی ساڵی 2022دا لە سنووری ئیدارەکەمان 457 رووداو تۆمار کراون."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین گوتیشی، "111 رووداوی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بوون و 32 رووداو هۆکاریان نەزانراوە، 112 رووداوی ئاگرکەوتنەوەش بە هۆکاری ئەنقەست و کەمتەرخەمی بووە و 84 رووداوی ئاگرکەوتنەوەش بەهۆی غاز و جگەرەوە بووە."
 
عەلی قادر گوتیشی، "50 رووداوی ئاگرکەوتنەوە بە هۆکاری وەرگەڕان و پێکدادان و شۆرتی کارەبا لە ئۆتۆمبێل دا بووە و 68 رووداوی جۆراوجۆریش تۆمار کراون."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی راپەڕین، "زیانە مادییەکان لە ساڵی 2022 کە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین تۆمار کراون، بە 991 ملیۆن و 564 هەزار دینار خەمڵێندراوە."
 
ساڵی 2022 بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2021 لە راپەڕین، بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین، "96 رووداو کەمتر روویانداوە و ئاماری رووداوە تۆمارکراوەکانی ساڵی 2021 لە بەرگریی شارستانیی راپەڕین ژمارەیان 553 رووداو بووە."
 
زیانەکانی ساڵی 2022 بەراورد لەگەڵ ساڵی 2021 کە دوو ملیار و 799 ملیۆن و 102 هەزار دینار بووە، ساڵی 2022 بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
 
لەبارەی ئاماری بریندار و گیانلەدەستدانەکانیش عەلی قادر ئەوەی خستەڕوو، "ساڵی 2022 دوو کەس بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێل گیانیان لەدەستداوە و یەک کەس خنکاوە و 17 کەس بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێل بریندار بوون. هەروەها بەهۆی تێکشکانی یارییەک لە شاری یاریی قەڵادزێ 12 کەس بریندار بوون."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین باسی لەوەش کرد، "لە ماوەی ساڵی رابردوودا، هەشت کەس بەهۆی کەمتەرخەمی و لادان لە رێنوێنییەکان رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە. 234 پشکنینی سەلامەتی بۆ شوێنی جۆراوجۆر کراوە بۆ رێگری لە ئاگرکەوتنەوە و لەو ژمارەیە 180 شوێنیان لە پشکنین دەرچوون و 54 شوێنیش نەگونجاو بوون."