گوتەبێژی حەج و عومرە: نرخی گەشتی عومرە کەم دەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی حەجی سعودیە، بۆ لەمەودوا پارەی بیمەی عومرەکاران نزیکەی 60 هەزار دینار کەم دەبێتەوە. دەشڵیت، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 150 کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرە هەن.
 
كاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، "رۆژی 09-01-2023 له‌ شاری جەددە کۆڕبەندی حەج و عومرە دەستیپێکردووە، کە وه‌زاره‌تی حه‌جی سعودیه‌ سەرپەرشتیی دەکات. کۆڕبەندەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و ئامانج لێی ئاسانکاریی زیاترە بۆ حاجیان و عەمره‌كاران."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، "بڕی پارەی بیمەی عومرەكاران لە 235 ریاڵەوە بۆ 89 ریاڵ کەمدەکرێتەوە، كە دەكاتە سەرووی 55 هەزار دیناری عێراقی، ئەم بڕیارەش كاریگەریی دەبێت لەسەر نرخی عومرە لە هەرێمی كوردستان و هەموو جیهان."
 
نرخی گەشتی عومرە بەپێی وەرز و كاتەكان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، ساڵانی رابردوو نرخی گەشتی عومرە دەگەیشتە 1200 دۆلار، بەڵام ئێستا نرخەكەی بەپێی خزمەتگوزارییەكان دەگاتە سەرووی 700 دۆلار، کاروان ستوونی دەڵێت، بەهۆی زۆربوونی خواست بۆ گەشتی عومرە لە مانگی پیرۆزی رەمەزانیشدا نرخی گەشتی عومرە لەو مانگەدا بەرز دەبێتەوە.
 
‎لەبارەی ژمارەی کۆمپانیاکانی تایبەت بە گەشتی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "ئەمساڵ رێگە بە كردنەوەی چەند كۆمپانیایەكی تایبەت بە عومرە دراوە، ئەوەش وایكردوە هەلی كار بڕەخسێت و خەڵكێكی باش لێی سوودمەند ببێت، ئێستا ژمارەی كۆمپانیاكانی حەج و عومرە گەیشتوونەتە 150 كۆمپانیا."