گرژی لە خۆپێشاندانی راهێندراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور؛ سێ کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە راهێندراوانی نەوت رۆژی دووشەممە لە پێش کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد دابمەزرێن، دواتر خۆپێشاندانەکە گرژی تێکەوت و بەهۆیەوە سێ خۆپێشاندەر برینداربوون.
خۆپێشاندەرەکان نوێنەرایەتیی زیاتر لە 500 کەسیان دەکرد و داوای بینینی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکووریان دەکرد، بەهۆی دروستبوونی گرژی، سێ خۆپێشاندەریان برینداربوون و نوێنەری خۆپێشاندەرەکان دەڵێت، وێڕای ئەوەی بریندارکراوم، هەڕەشەیشیان لێکردووم.
عومەر فارووق، نوێنەری خۆپێشاندەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''تەماشای جلەکانم بکە، هەمووی ئاوە و ئێستا گۆڕیومە، قەمسەڵەم لە خەڵک سەندووە، تەماشای گوێم بکە خوێنی لێدێت، لەپێناو سادەترین ماف، لە پارێزگاکانی دیکە کاری تێکدەری دەکرێ و ئێمە هیچمان نەکرد، ئاویان لێداین و ئەو کچانە کەوتنەسەر زەوی، لەسەر ئەوەشەوە هەڕەشەمان لێدەکەن کە گوایە ئێمە تێکدەرین."
بڕیاربوو ئەو خۆپێشاندەرانە دوای تەواوکردنی خولێکی شەش مانگی بە خۆڕایی، بەکرێی رۆژانە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دابمەزرێندرێن، ئەگەرچی ئەوان سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراقیشیان بینیوە، بەڵام سێ ساڵە دانەمەزرێندراون.
توانا عەبدولخالق خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "ئێمە زۆر کەسی باڵادەست و پلەدارمان بینی و پێیانگوتین ئێمە کارەکەمان بۆ کردوون، تەنانەت رەزامەندی سەرۆکوەزیرانمان وەرگرت، نوێنەرەکانی ئێمە لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆبوونەوە، لەوانە پلەدار تر هەیە؟ ئێ ئەمانە هیچیان بۆ نەکرێت ئێمە چی بکەین؟ گوتمان ئەگەر ئەم کارەمان بۆ بکەن هەر لێرەش ناوەستین."
بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانی ئەمڕۆیان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بەڵێنی بە خۆپێشاندەرەکان دا لەم هەفتەیەدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق ئەو پرسەیان بۆ یەکلایی بکاتەوە.
محەممەد بەیاتی، بەرپرسی نووسینگەی بەدر لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''بەڕێز بورکان، بەڕێوەبەری گشتی دەڵێت، من پێویستم پێیانە لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری دامەزراوە نەوتییەکان خاڵین لە فەرمانبەر و پێویستن بۆ ئەوێ، ئەو دەچێتە لای وەزیر و ئەگەر لاری نەبێت رۆژی چوارشەممە چاوی بە بەڕێز وەزیر دەکەوێت."
بەپێی ئاماری لیژنەی نەوت و غازی خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 22 ساڵە کۆمپانیای نەوتی باکوور، هیچ هەلێکی دامەزراندنی لەو کۆمپانیایە رانەگەیاندووە و زۆربەی دامەزراندنەکان لە بەغداوە کراون.