دایکێک لە سلێمانی: ژیانمان کولـلەمەرگییە و مانگی جارێکیش مریشکێکم بۆ ناکڕدرێت


رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە ئامار و داتاکان بە سەرسوکترین پارێزگای هەرێمی کوردستان و عێراق پێشانی دەدەن لە رووی هەژارییەوە، بەڵام دەنگی گلەیی بێکار و هەژارانی سلێمانی، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت.
 
دەیان کرێکاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاوارەکانی سووریا و ناوچەکانی دیکە لە مەیدانی کرێکاران، چاو بۆ کار دەگێڕن. ئەوەش هێندەی دیکە بازنەی بێکاریی فراوانتر کردووە.
 
کەمال سەلیم کرێکارە، دەردەدڵ بۆ رووداو دەکات، دەڵێت لە پێنجی بەیانییەوە هاتووم، ئەوە خۆرم لێهەڵهات. تاوەکو ئێستا کەس پێینەوتووم بۆ ئیش. تاوەکو کاژێر 09:00 یان 10:00 چاوەڕێدەکەم، ئەگەر نەبوو ناچارم بگەڕێمەوە. کەواتە من لێرەدا بە هەزار و پێنج سەد دێم بۆ سلێمانی، بە هەزار و پێنج سەد دینار دەگەڕێمەوە، ئەوە سێ هەزار دینار. ئێ دوو سێ هەزار دیناریش دەخۆیت، کەواتە پێنج شەش هەزار دینارێک خەرجدەکەیت. دەی ئاوایە کاکە، کە ئیشەکە نەبێت ئاوایە. لە هەفتەیەکدا جاری وا هەیە دوو رۆژ ئیشم دەستدەکەوێت، جاری وا هەیە ئیشم دەستناکەوێ.
 
کرێکارێکی دیکە دەڵێت، هەموو رۆژێک بەیانیان کاژێر چوار و نیو یان پێنج دێم بۆ ئێرە. هەندێک لە رۆژەکان ئیش هەیە، هەندێک لە رۆژەکانیش ئیش نییە. زۆر بێئیشییە و ئیش دەستناکەوێ.
 
فاتیمە دایکێکی هەژارە، ئەو لە رانیەوە چووەتە تەیناڵ لە نزیک بازیان و لە خانووییەکی رزیو و رووتەڵەدا کرێچێیە. دیمەنەکان زمانحاڵی ئەوپەڕی هەژارین.
 
فاتیمە دەڵێت، مێردەکەم نەخۆشبوو، ساڵ و خوردێک لەسەرجێگابوو خزمەتم کرد، دوایی دوو منداڵم هەبوون و بچووک بوون، باڵم لەسەر راگرتن و گوتم با بەخێویان بکەم و ئاگادارییان بکەم تووشی هیچ نەبن کوڕەکانم. تۆ کە خانووت نەبوو، دووکانت نەبوو، سەیارەت نەبوو، توانایەکت نەبوو، مووچەیەکت نەبوو، چۆن دەژیت؟ تۆ بڵێ چۆن ژیاوی تاوەکو ئێستا؟ بە کولـلەمەرگی ژیاوم.
 
ئەو دوو وەرزەی فاتیمە کاری تێدا دەستدەکەوێ، هێشتا دوورن. بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە وەرزی زستانی لەدەستچووە کە نانکردنە بۆ ماڵان.
 
فاتیمە باس لەوە دەکات، مانگانە 50 هەزار دینار بە کرێ خانوو دەدات. مانگێک دەبێت کارنەماوە لێرە کە دەبێت نان بۆ خەڵکی بکەم. هەروا لەو دەوروبەرە نانکردنیش نییە تاوەکو نانبکەم. یان دەبێت بچییە چەمچەماڵ و بازیان. ئەرێوەڵڵا پێنج ساڵیش دەبێت ژیانم ئاوایە. یانی وامانلێهاتووە مانگی یەکجاریش مریشکم نەخواردووە، بڕوام پێدەکەیت؟ بە مانگێک یان دوومانگ جارێک مریشکم بۆ نەکڕدراوە. بەخوا جلوبەرگم نەکڕیوە، نە بۆ منداڵان و نە بۆخۆم، هەر جلوبەرگی کۆنەی خەڵک بەکاردێنمەوە.
 
بەپێی پێوەری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، هەرکەسێک مانگانە لە 110 هەزار دینار کەمتر خەرجبکات، لەژێر هێڵی هەژارییەوەیە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 500 هەزار خێزان، دەرەقەتی ئەو خەرجییە کەمەش نایەن.
 
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی باس لەوە دەکات، قەبارەی خێزانمان لەسەر پێنج کەس گریمانە کردووە، ئەگەر 550 هەزار دینار خەرجبکەن، ناچنە ژێر هێڵی هەژاری، بەڵام ئەم شێوازە خەرجییە بژی و مەمرییە، هەژاریی ناکات و خۆشگوزەرانیش نین. کە دەڵێین لە 5%ـی دانیشتووانمان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئەم خەڵکانەن.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا رێژەی هەژاریی لە 17% زیادیکردووە. لە پارێزگای هەولێر لە 97% و لە پارێزگای سلێمانی لە 36% و لە پارێزگای دهۆک، ئەگەرچی رێژەی هەژاریی بەرزە، بەڵام لە 7% کەمیکردووە.
 
بەپێی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2018، لە 69% ژنان و لە 24%ـی پیاوان لە هەرێمی کوردستان بێکارن. بڕیارە لە ساڵی 2021 گەورەترین پرۆژەی گەشتیاریی لە سلێمانی بچێتە بواری جێبەجێکردن کە دەتوانێ نزیکەی 40 هەزار هەلیکار دروستبکات و بەوەش هەڵسوڕانی میلی خێرای هەژاریی، خاو دەبێتەوە لە پارێزگاکە.
 
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت، پرۆژەی گەشتیاریی دووکان کە پرۆژەیەکی گەشتیاریی زۆر گرنگ و زۆر گەورە دەبێت و لە ناوچەی دووکان جێبەجێدەکرێت و دڵنیابە لە 2021 دەستبەکار دەبێت و سەدایەک و دەنگێکی زۆر کاریگەری دەبێت لە ناوچەکە. هیوادارم بتوانێ خزمەتێکی باش بە خەڵک بکات، هەم لەرووی گەشتیاریی و هەم لە رووی دەستیکاریشەوە.
 
لەبارەی خەرجیی خێزان، مەحموود عوسمان ئاماژە بەوەش دەکات، خەرجیی خێزانەکان لە 2013 تێکڕا دوو ملیۆن و 250 هەزار دینار بوو، هەبوو زیاتری خەرجدەکرد و هەبوو کەمتریش تادەگەیشتە هێڵی هەژاریی. 
 
لە ساڵی 2016 ئەو دوو ملیۆن و 250 هەزار دینارە دابەزی بۆ 820 هەزار دینار. بزانە جیاوازییەکە چەندە زۆرە! بەڵام ساڵی 2017 و 2018 بووژانەوەیەکی ئابووریی دەستیپێکرد، پاشەکەوتی مووچە نەما و مووچە لەکاتی خۆیدا دەدرا، ئەو پارەیەی فەرمانبەر وەریدەگرت دەڕژایەوە بازاڕ، لەبەر ئەوە دەبینین خەرجی تێکڕای خێزان، لە 820 هەزار دینارەوە بەرزبووەوە بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار و رێژەی هەژاریی دابەزی لەم هەرێمە بۆ5.5 و کەمترین رێژەی هەژاریی لە پارێزگای سلێمانی بوو کە 4.5 بوو، بەڵام نەخۆشی کۆرۆنا هات و باری ئابووری پاشەکشەی کرد لە هەموو سێکتەرەکان، دڵنیام رێژەی هەژاریی و بێکاری بەرزبووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی رووپێومان ئەنجامنەداوە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ناتوانین بڵێین گەڕاوەتەوە بۆ فڵان قۆناخ، بەڵام ئێمە وای بۆ دەچین گەڕابێتەوە بۆ قۆناخی 2016.
 
فرۆشیارێک دەڵێت، من دایکم پێمدەڵی، کوڕەکەم بۆچی ناچیت بۆ دووکان؟ وتم دایکە گیان بازاڕ بە کەڵک نایەت بچم لە دووکان چیبکەم؟ گوتی دەتۆ هەر بڕۆ قەیناکا. گوتم بەڵێ باشە لەبەر دڵی تۆ دەچم، چووم بۆ دووکان و ماوەی سێ کاژێر و نیو دانیشتووم لەو دووکانەدا بایی چوار هەزار دینار خوورمام فرۆشتووە، بیدەم بە قوڕگی کێدا؟
 
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە 236 پرۆژەمان ئەنجامداوە، لەوانە زیاتر لە 100 پرۆژەی تەواو بووە و نزیکەی 75 پرۆژەی دیکە لە تەواوبووندایە. کۆمەڵێک پرۆژەی گەورە تر، واتە نزیکەی 100 پرۆژە ئێستا کاردەکات. داوامانکردووە 75%ـی دەستیکاری ناوخۆیی بێت. هەندێک پرۆژە هەن زۆر گەورەن وەک کارگەی چیمەنتۆ و کارگە گەورەکان، لەوانەیە کاتێک ئەوانە دێن، هەربۆ ئیشپێکردن سەرەتا ستافێکی ئەو وڵاتە بێن و کاری تێدابکەن کە کارگەکەیان بونیادناوە، بەڵام لە دواییدا رێچکەی خۆی وەردەگرێ و زۆر لەکارگەکانمان ئێستا ستافی نێوخۆیی کاری تێدا دەکەن، چونکە بۆ خەڵک و وەبەرهێنەرەکە و خاوەن کارگەکەش کەمتر دەکەوێت.
 
نەجمەدین قاسم کرێکارە و باسی کارەکەی خۆی دەکات دەڵێت، "ژیانی ماڵ و منداڵم لەسەر ئەوەیە. دوێنێ چووم لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە بایی پێنج هەزارم فرۆشتووە. بەخوا جاری واهەبووە هیچم نەفرۆشتووە و هەر ئاوا چوومەتەوە بۆ ماڵەوە و پارەی خۆم خەرجکردووە. مانگی 150 هەزار دینار کرێی خانوو دەدەم، بێجگە لە ئاو و کارەبا و کارەبای نیشتمانی، کوڕەکانم ژنیان هێناوە، بەڵام کچێکم لەسەر ماڵە لەبەر بێپارەیی نەمناردووە بۆ قوتابخانە".
 
بەپێی زانیاریی بەرپرسانی پەیوەندیدار نزیکەی لە 80%ـی ئەوانەی لەژێر هێڵی هەژاریین لە قەزا و ناحییەکان دانیشتوون، لێکەوتەکانی هەژاریی بە جۆرێک کاریگەر بووە کە ئەوانەی نێو زبڵەکان بۆ نان دەگەڕێن، ژمارەیان زیاتر بووە.