پاراستنی کۆمەڵایەتیی دهۆک: هاوکاریی مانگانە بۆ 7000 خاوەن پێداویستیی تایبەت خەرج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵی 2013وە هیچ خاوەن پێداویستییەکی تایبەت تۆمار نەکراوە و مووچەی هاوکاریی نەدراوەتێ، لەو کاتەوە 7000 کەس کە ئەوکات ناویان تۆمارکردبوو چاوەڕێن مووچەی هاوکارییان بۆ دابین بکرێت. بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دهۆکیش دەڵێت، لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دراوە دوای پێداچوونەوە ئەو هاوکارییە خەرج بکرێت.
رەزا نایف، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دراوە دوای پێداچوونەوەی ئەو 7000 ناوە، مانگانە هاوکارییەکەیان بۆ خەرج بکرێت. دوای ئەوەش ناونووسینی نوێ دەست پێدەکات".
بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دهۆک روونیکردەوە، ئەوان لە ساڵی 2013وە تاوەکو 2015 دەستیان بە تۆمارکردنی ناوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردووە و لەو ماوەیەدا 7000یان تۆمارکردووە و بۆ وەزارەتی داراییان ناردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە لە وەزارەتی دارایی رەزامەندیی لەسەر نەدراوە.
ساڵی 2016 لیژنەیەکی پێداچوونەوە بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە پێکهێندرا کە مووچە وەردەگرن بۆئەوەی بزانرێت کامیان شایانن و کامیان شایان نین. لەو پێداچوونەوەیەدا رێژەی کەمئەندامی کە هاوکاریی مانگانەی بدرێتی لە 40%ـەوە بۆ 55% زیادکرا. ئەو کەسانەی لە 55% کەمتر بوون هاوکارییەکە وەرناگرن.
بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دهۆک ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە ساڵی 2016 بۆ 2018 ئەو کارە بەردەوام بوو، نزیکەی 3500 کەس رێژەکەیان 55% کەمتر بوو، لە هاوکارییەکە بێبەش دەبن. بۆ کەسانی نابیناش لە رێژەی 65%ـەوە مووچە وەردەگرن. کەسانی بیرکۆڵی رێژەی 50%یان بۆ دیاریکراوە".
خابوور محەممەد عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی نابینایانی دهۆک گوتی، "دانانی ئەو رێژانە زۆر ورد نین، چونکە بۆ کەسی نابینا 65% دیاریکراوە. کەسمان هەیە 100% نابینایە، کەچی کەمتر لە 65%ـی بۆ نووسراوە، لە کاتێکدا کەسانێک هەن ساغن و مووچەی کەمئەندامی وەردەگرن".
سەرۆکی کۆمەڵەی نابینایانی دهۆک باسی لەوە کرد، ژمارەیەکی زۆر نابینا لە ساڵی 2013وە ناویان تۆمارکردووە و چاوەڕێن ناویان بێتەوە تاوەکو مووچە وەربگرن.
خابوور محەممەد عەلی گوتیشی، "داوا دەکەین ئەو مووچەیە بکرێتە بڕە پارەیەکی باش کە نزیکەی 400 هەزار دینار بێت، تاوەکو کەمئەندامان بتوانن ژیانی خۆیانی پێ بەڕێوەببەن".