بەرپرسێکی حیزبی سۆسیالیست لە ناحیەی سیروان: هەر گەنجێک ریشی هەبووبێت دەستگیرکراوە
رووداو - هەڵەبجە
رووداو بەدواداچوونی بۆ هەواڵی ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کرد کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 08-12-2021 لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامیانداوە.
حوسێن خەلیفە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیست و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ناحییەی سیروان لە هەڵمەتەکەدا کوڕێک و چەند کەسێکی دیکە لە خزمە نزیکەکانی بە تۆمەتی "پەیوەندییان لەگەڵ داعش و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە" دەستگیرکراون.
حوسێن خەلیفە بە رووداوی راگەیاند، "نەخۆش بووم، لە نەخۆشخانە بووم، ئاسایش تەلەفۆنى کرد و گوتى کوڕەکەت و دوو برازاکەتمان بۆ بنێرە، گوتم بەسەرچاو، تاوەکو هاتمەوە بینیم هێزێکى زۆرى دەمامکدار داویانە بەسەر سیرواندا و کوڕەکەم و دوو برازام و هەرچى گەنجێک کە ریشى هەبووبێت، دەستگیریان کردووە".
لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنیان، یەکێک لە داواکراوەکان تەقەی لە ئاسایش کردووە، بەڵام بە برینداری دەستگیریان کردووە. لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، کوڕی چەند کەسایەتییەکی ناسراو هەن، کە یەکێکیان کوڕی مامۆستایەکی نێوداری ئاینییە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیست گوتیشی، "باشە ئەو هەموو گەنجەى لەم سنوورە گیراون داعشن یان ئەوانە داعشن کە پێشمەرگە دەکوژن؟"
ئاسایشى سلێمانى دەڵێت لە ھەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاجیای سەرکەوتوودا، رۆژی چوارشەممە 08-12-2021 ژمارەیەک لە ئەندامانی تاقم و گرووپی تیرۆریستانی داعش لە شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچکەکانی خورماڵ، سیروان و چەند گوندێکی شارەزوور دەستگیرکران.
هەڵگورد لایەق، ئامۆزاى یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بە رووداوی گوت، "لەم سیروانەدا زیاد لە 10 گەنجیان دوور لە عورفى کۆمەڵایەتى هەڵدایە ناو سەیارەوە، ژیانى ئەو ئامۆزایانەم لە ئەستۆى ئاسایشدایە".
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، دەستگیرکراوان لە رێگەی ئاسایشەکانی سیروان، هەورامان و هەڵەبجەوە نێردراون بۆ ئاسایشی گشتیی سلێمانی و دوای وەرگرتنی گوتەکانیان پەڕاوە یاساییەکانیان لەلایەن ئاسایش و دژەتیرۆرەوە یەکلایی دەکرێنەوە.