دلاوەر ئاژگەیی: شاندێکی پەرلەمانی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن

09-12-2021
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکاندایە بۆ لەنێوبردنی داعش و لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقیش لەگەڵ ئەوەدان هەموو پێکهاتەکان بەشداریی تێدا بکەن و کۆتایی بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان بهێندرێت. گوتیشی "بڕیارە شاندێکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات".
 
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، رۆژی پێنجشەممە 09-12-2021 لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەشداریی لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا، نوێنەری نووسینگەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا و بەرپرسی شاندی یەکێتیی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمی رابردووی پەرلەمانی عێراق و باڵیۆزی عێراق بەشدار بوون، دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا گوتەیەکی پێشکێشی پەرلەمانتارانی ئەوروپی و ئامادەبووان کرد.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرپرسی شاندی یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەڵبژاردنی عێراق باسی هەڵبژاردنی 10-10-2021ی کرد؛ ئەو باسی سەردانەکانی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، هەموو لایەک هاوکاربوون بۆئەوەی تیمەکانیان سەردانی هەموو شوێنەکان بکەن؛ بە ئەرێنی لەبارەی هەرێمی کوردستان قسەی کرد".
 
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمدواییەی چەکدارانی داعش و شەهیدکردنی ژمارەیەک پێشمەرگە و هاونیشتمانیی سڤیل، دلاوەر ئاژگەیی باسی لەوە کرد، "پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی هێرشەکانی داعش سەرەخۆشییان لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد و بە گرنگیان زانی هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ لەنێوبردنی داعش".
 
لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا دلاوەر ئاژگەیی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییەی عێراقی بە پاکترین هەڵبژاردن لە عێراقی دوای ساڵی 2003 ناوبردووە، بەڵام بە ئامادەبووانیشی راگەیاندووە کە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێش راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن "دەستکاریی ئەنجامەکانی کردووە لە بەرژەوەندیی چەند لایەنێکی سیاسی و ئەوەش نیشانەی پرسیاری خستووەتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بە گشتی".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دلاوەر خالد ئاژگەیی ئاماژەی بە بارودۆخی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد و گوتوویەتی، چارەسەری سەرەکیی کێشەی ئەو ناوچانە بریتییە لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق.
 
سەبارەت بە حکومەتی داهاتووی عێراقیش، ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا ئەوەی خستەڕوو، بە ئامادەبووانی راگەیاندووە، "ئەوەی بەلای کوردەوە گرنگە ئەوەیە کە هاوبەشی راستەقینە بێت لە بەڕێوەبردنی وڵات و خاوەنی بڕیار بێت لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عێراق".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەو ئەی تی ئێمانەی لە دهۆک شکێندرا

لە دهۆک سێ ئامێری ATM شکێندران

لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، سێ ئامێری ATMـی راکێشانی پارە تایبەت بە هەژماری من، شكێندراون و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە.