نەخۆشخانەی شارەزوور: سکچوون و رشانەوە 50% کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆزینەوەی سەرچاوەی هۆکاری هەبوونی سکچوون و رشانەوە لە قەزای شارەزووری پارێزگای سلێمانی، بەرپرسێک لە نەخۆشخانەی شارەکە دەڵێت، تووشبوون 50% کەمیکردووە.
سامان سابیر، بەرپرسى بەشى فریاکەوتن لە نەخۆشخانەى شەهید رەئووف بەگ لە قەزای شارەزوور کە بە "هەڵەبجەی تازە"ـش ناسراوە، ئەمڕۆ (شەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تووشبوون لە 2 هەزار و 500 کەسەوە بەرەو کەمبوونەوەی تەواو دەڕوات."
لە 07ـی ئەم مانگەوە سکچوون و رشانەوە لە قەزای شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەتەوە.
سامان سابیر دەڵێت، "ژمارەی نەخۆش لە نەخۆشخانەکەمان کەم بووەتەوە. ئەوانەشی تووش دەبن، ئازار و سکچوونیان کەمترە بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو."
دوێنێ هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە ئاشکرا بوو، کە ئاوی خواردنەوەی قەزاکە تێکەڵی ئاوی زێراب ببوو. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شارەکە رایگەیاند، دابەشکردنی ئاوی خاوێنیان لە رێگەی تانکەرەوە دەستپێکردووە تاوەکو کێشەکان چارەسەر دەکەن.
سامان رەئووف ئاماژەی بەوەشکرد، "پێدەچێت لە دوو رۆژی داهاتوودا، کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە رابگەیێنن."
هەروەها نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەزوورەوە و رایگەیاند، ژمارەی ئەو نەخۆشانەی بەهۆی سکچوون و رشانەوە گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکان، بەراورد بە رۆژانی پێشوو کەمتر بووە.
پەیامنێرەکەی رووداو لە ماوەی هەواڵی نوورۆژدا، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد، دوێنێ 500 نەخۆش چوونەتە نەخۆشخانە، کە ئەم ژمارەیە بەراورد بەرۆژانی دیکە کەمیکردووە. هەروەها گوتی پزیشکەکان دەڵێن تەنها یەک منداڵ به سەختی نەخۆش بوو.
هاونیشتمانییەک بەناوی حەسەن کە وەستای کاشییە و 4 منداڵی بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن، باسی بارودۆخی منداڵەکانی و چۆنیەتی چارەسەرکردنیانی بۆ رووداو کرد، گوتی ئەمڕۆ 2 منداڵەی دیکەی "تووشی هەمان نەخۆشی بوون و، زۆر رازین لە پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکە."