کێشەی جووتیارانی کورد لە کەرکووک سەرهەڵدەداتەوە؛ عەرەبی هاوردە رێگە لە کێڵانی زەوییەکان دەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، عەرەبە هاوردەکان نووسراوێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپایان بردووە و رێگری دەکەن جووتیارانی سنوورەکە لە پارێزگای کەرکووک زەوییەکانیان بکێڵن.
 
کێشەی زەویی جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە. محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "عەرەبی هاوردە نووسراوێکی سوپایان هێناوە، گوایە خاوەنی زەوییەکان ئەوانن و رێگە نادەن جووتیارانی کورد کارەکانیان بکەن."
 
لە سەروبەندی کاتی دروێنەی دانەوێڵەدا، لە 26ی نیسانی ئەم ساڵ بە فەرمانی هێزێکی سوپای عێراق رێگە نەدرا جووتیارانی پێنج گوند لە ناحیەی سەرگەڕان دروێنە بکەن. دواتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە 15ی ئایاردا لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی عێراق چووە سنوورەکە و دروێنەکە کرا.
 
محەممەد ئەمین دەڵێت، "دوای هاتنی لیژنەکە رێککەوتنێک کرا کە دروێنە بکرێت، دواتر تاوەکو 1ی مانگی 11 کار لە زەوییەکاندا نەکەین تاوەکو کێشەکە بە تەواوی چارەسەر دەکرێت. ئەوە بوو کارمان نەکرد. ئێستا کاتەکە تەواو بووە و دەمانەوێت لە زەوییەکانمان کار بکەین و رێگەمان پێ نادرێت."
 
لەو پێنج گوندەی کێشەیان هەبووە، کێشەی یەک گوندیان چارەسەر کراوە و چواریان ماون کە ئەمانەن: پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکە.
 
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان گوتی، "ئێستا عەرەبە هاوردەکان نووسراوێکیان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە هێناوە، گوایە بەگوێرەی سەرژمێریی ساڵی 1957 ئەوان خاوەنی زەوییەکانن. پێشتر و ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە، ئەوان ئەگەر بەگوێرەی سەرژمێریی ئەو ساڵە خاوەنی زەوییەکان بن با بۆ ئەوان بێت، بەڵام راست ناکەن."
 
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە جووتیارانی سنوورەکەی گوتووە، "کارەکان رابگرن". محەممەد ئەمین دەڵێت، "فەرماندەکە کوردە و وەکو ساڵانی پێشوو تووند نییە لەگەڵ جووتیاران، بەڵام دیسان هەمان بڕیار و فەرمانە."
 
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان 28 ساڵ چاوەڕێیان کردووە تاوەکو دەسەڵاتی سەدام رووخاوە بچنەوە سەر زەوییەکانیان و ئێستاش 21 ساڵە ئەو دەسەڵاتە نەماوە، بەڵام ناتوانن بە ئازادانە لە زەوییەکانیان کاری کشتوکاڵی بکەن.
 
ئەو زەوییانەی لەو چوار گوندەدا عەرەبی هاوردە ئاستەنگی بۆ جووتیارەکانیان دروستکردووە نزیکەی 40 هەزار دۆنمە. محەممەد ئەمین گوتی، پارێزگاری کەرکووک لە کێشەکان ئاگادارکراوەتەوە و هاتووەتە سەرهێڵ.
 
سنووری ناحیەی سەرگەڕان زۆرینەی گوندەکانی کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە چەندین جار رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگی سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە بوونەتەوە.