وەزارەتی خوێندنی باڵا: وەزارەتی دارایی رەزامەندی لەسەر بەردەوامی پێدانی دەرماڵە پێشان داوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، وەزارەتی دارایی رەزامەندی پێشانداوە بۆ بەردەوامیدان بە پێدانی دەرماڵە بە قوتابییان و خوێندکاران بۆ ئەمساڵی خوێندن. ئاماژە بەوە دەدات، تەنیا ئەوە دەمێنێت ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکە بدات. 
 
ماوەی دوو رۆژە مانگرتن و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، هەڵەبجە و چەرمۆ بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان بەردەوامە. 
 
رۆژی چوارشەممە 09-11-2022، توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی میوانی بوولتەنی هەواڵە ئابوورییەکانی کاژێر 9ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات. 
 
بەگوتەی توانا نەجەف، ئەوان بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندکاران و قوتابییان لەسەر هێڵ بوون و دەڵێت: "داواکاری لە پێشینەمان نوێکردنەوەی خەرجکردنی پاڵپشتی دارایی قوتابییان و خوێندکاران بووە بۆ ئەمساڵی خوێندنیش تاوەکو ئەو بابەتە بە یاسایی دەکرێت." 
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەدات کە ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی کردووە بۆ وەرگرتنی رای ئەوان لەسەر ئەو داواکارییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەڵێت: "زۆر سوپاسی وەزیری دارایی دەکەین کە دوێنێ سێشەممە پێشوازی لە وەزیری خوێندنی باڵا کرد، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لەگەڵ بەندە. گفتوگۆی وردەکاریی ئەو بابەتەمان کردووە کە چەندی تێدەچێت و چەند خەرج بکرێت." 
 
سەبارەت بەو تێچووەی لەوبارەیەوە پێویستە، توانا نەجەف دەڵێت: "بە لایەنی زۆرەوە مانگانە 5 ملیارمان دەوێت بۆ 9 مانگ." 
 
بە گوتەی توانا نەجەف: "وەزارەتی دارایی رەزامەندی پێشانداوە بۆ ئەو بابەتە [پێدانی دەرماڵە] بۆ ئەمساڵیش بەردەوام بێت، بەڵام بە بەرزکردنەوەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، چونکە ئەنجوومەنی وەزیران خۆی نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی کردووە و داوای رای وەزارەتی دارایی لەسەر داواکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە، وەزارەتی داراییش بە بەڵێ وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران دەداتەوە لەسەر ئەو بابەتە." 
 
دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە ساڵی 2014 و دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران راگیرا. ساڵی رابردوو دوای گردبوونەوە و ناڕەزایی خوێندکاران بڕیاردارا بە ناوی پاڵپشتی خوێندکاران بۆ یەک ساڵ دابەش بکرێت.
 
دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشە نێوخۆییەکانیان و گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان، ئەنجوومەنی وەزیران لە 07-12-2021 بڕیاریدا بە راسپاردنی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ تەرخانکردن و خەرجکردنی پاڵپشتییەکی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەک پێشینەی مانگانە بە بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتی قوتابییان و خوێندکاران و چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان. 
 
دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ساڵی خوێندنی رابردوو، مانگانە بڕی 40 هەزار دینار دەدرایە قوتابییانی ناوەوەی شار و 60 هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شار.