سەرۆکی بەشی بەنداوەکان: هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نییە بەنداوی دێگەڵە نۆژەن بکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بەشی بەنداوەکان رایگەیاند، بەنداوی دێگەڵەیان بەتاڵ کردووە بۆ ئەوەی نۆژەنی بکەنەوە، بەڵام بەهۆی هەندێک کێشەوە رەنگە نۆژەنکردنەوەکە بکەوێتە ساڵی داهاتوو.
 
چوارشەممە (9ـی ئەیلوولی 2024) دژوار فەتحوڵڵا، سەرۆکی بەشی بەنداوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوێنێوە بەنداوی دێگەڵەیان بەتاڵ کردووە بۆ ئەوەی نۆژەنی بکەنەوە و رێژەی خۆل و لمی بەشی ژێرەوەی بزاندرێت، بەڵام ئەگەری هەیە دوابخرێت بۆ ساڵی داهاتوو.
 
دژوار فەتحوڵڵا گوتی "بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە 150 ملیۆن دینار تەرخانکراوە، بەڵام هیچ بەڵێندەرێک کارمان بۆ ناکات بۆ نۆژەنکردنەوەی، بۆیە ئەگەر هەیە بەهۆی نەمانی کات و نزیکبوونەوەمان لە وەرزی بارانبارین، پڕۆژەی نۆژنکردنەوەکەی بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت."
 
بەنداوی دێگەڵە لە شارەدێی دێگەڵە، توانای گلدانەوەی ملیۆنێک و 600 هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە، بەگوژمەی زیاتر لە 6 ملیار دینار و لە ماوەی پێنج ساڵدا دروستکراوە. رۆژی 27-6-2016 کرایەوە. بەنداوەکە توانای بەراوکردنی 500 دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەیە.
 
بەگوتەی دژوار فەتحوڵڵا، ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداو نۆژنکراونەتەوە، لەوانە بەنداوی شکان لە دهۆک کاری نۆژەنکردنەوەی تەواو بووە، بەڵام هەردوو بەنداوی باوە شاسوار و ئاوە سپی لە گەرمیان نۆژەنکردنەوەیان تەواو نەبووە.
 
لە بارەی پاککردنەوەی بەنداوەکان  دژوار فەتحوڵڵا دەڵێت "لە عێراق و وڵاتانی دیکە ئامێری زۆرباش هەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم ئامێرانە بەردەست نین و پێوستییان بە گوژمەیێکی زۆرە، بۆیە کاری پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە کاتە."