مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کرد، پیرۆزبایی دەستبەرکار بوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرد. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، پێگەی حکومەتی هەرێمی کورستان لە بڵاوکراوەیەکدا، دەڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستیانە هۆمان، باڵیۆزی نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد، هەردوولا جەختییان کردەوە کە پێویستە رێز لە سیستمی فیدراڵی و پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و گشت پێکهاتەکان لەچوارچێوەی دەستووردا بگیرێت.
 
لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی بە تایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.