پارێزگای سلێمانی: رێژەی کرێنشین کەمیکردووە و نزیکەی 16٪ـە

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای سلێمانی رایگەیاند کە رێژەی کرێنشینان لە پارێزگاکەدا بۆ 16٪ دابەزیوە، لە کاتێکدا رێژەی کرێنشین لە ساڵی 1991ـدا 56٪ بووە، بەڵام سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی داکۆکیکار لە مافی کرێنشینان پێیوایە رێژەکە لەوە زیاترە کە پارێزگای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە.
 
بەرهەم قەرەداخی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی داکۆکیکار لە مافی کرێنشینان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە نازانین ئەو ئامارەی ئێستا چۆن و لەسەر چ بنەمایەک کراوە. ئەوەی ساڵی 1991 راستە، بەڵام ئەوەی ساڵی 2021 کە دەڵێت بووەتە 16٪ بە ورد و رێکی نازانم. ئەگەر پرسیان بە ئێمە بکردایە، پێمان دەگوتن کە چۆنە. من لەو باوەڕەدام رێژەی کرێچی لەوە زیاترە و ئێستا رێژەی کرێنشینی 28٪-30٪ بێت."
 
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبان و نیشتەجێکردن لە سلێمانییش بە رادیۆی رووداوی گوت: "گومانم لەو رێژەیە هەیە کە پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە و لەو بڕوایەدام نزیکەی 25٪ بێت."
 
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی داکۆکیکار لە مافی کرێنشینان ئاماژەی بەوە دا، "ئەو ئامارەی کە وەرگیراوە، لەوانەیە بەمشێوەیە بووبێت کە کاتێک چوونەتە کۆمەڵێک گەڕەک هەندێک کرێچی لەبەر خاوەنماڵەکە نەیوێرابێت بڵێن کرێچین و بۆ ئەوەی خاوەنماڵەکە باج نەداتە حکومەت. هەروەها ماڵێکی زۆریش هەن چوونەتەوە سەر ماڵی باوکیان لەبەر ئەوەی کرێیان پێ نادرێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبان و نیشتەجێکردن لە سلێمانی باسی لەوە کرد، زۆربەی بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ رێگەوبانەکان رۆیشتووە. حکومەت بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە نەیتوانیوە گرنگی بە نیشتەجێکردن بدات، تەنیا سەرنجی لەسەر رێگەوبانەکان بووە. ئێستا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پارەی پێویستی لە بەردەستدا نییە کە پرۆژە تەواونەکراوەکانی خۆیشی تەواو بکات.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 250 هەزار کرێنشین هەن.
 
محەممەد جەلیل گوتی: "پێشتر ئەو پارەیەی بۆ نیشتەجێکردن تەرخانکراوە، لە بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان بووە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە تەنیا رۆڵی سەرپەرشتی و تەواوکردنی بینیوە. ئەگینا ئەرکی چارەسەرکردنەکەیان بە ئێمە نەسپاردووە تاوەکو پلانێک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کرێنشینان دابنێین."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبان و نیشتەجێکردن لە سلێمانی، لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا لە 16 ساڵی رابردوودا چوار هەزار و 200 یەکەی نیشتەجێبوون دروست کراون کە تاوەکو ئێستا دابەش نەکراون و زۆربەیان بیناکانیان تەواو بوون، بەڵام خزمەتگوزارییەکانیان ماون کە 105-110 ملیار دیناریان پێویستە بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ دابەشکردن.