گەرما لە هەرێمی کوردستان دەگاتەوە 45 پلەی سیلیزی

رووداو دیجیتاڵ

دوای چەند رۆژێک دابەزینی پلەی گەرما، جارێکی دیکە شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە گەرمیان دەگاتە 45 پلەی سیلیزی.  
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 9-9-2024) کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەی گەرمای ئەمڕۆ نزیکدەبێتەوە لە پلەی تۆمارکراوی دوێنێ. راشیگەیاندووە، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرزتر دەبێتەوە.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرزیی پلەی گەرما تاوەکو چوارشەممە بەردەوام دەبێت، پێنجشەممە نزیکەی پێنج پلە دادەبەزێت.
 
ئەو کەشناسە دەڵێ، "21ـی ئەم مانگە کۆتا رۆژی هاوینە و وەرزی پاییز دەستپێدەکات، لەگەڵ دەستپێکی وەرزەکەدا لە تەواوی هەرێمی کوردستان شەوان هەست بە فێنکی دەکرێت و چەند رۆژی دواتریش، هەست بە نەمانی تینی گەرمیی خۆر دەکرێت."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی (سێشەممە، 10-9-2024) لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت: 
 
هەولێر؛ 43 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 41 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 41 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 44 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 42 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 41 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 32 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 39 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 45 پلەی سیلیزی