رێکخراوەکانی مەریوان: ئەگەر شلێر متمانەی بە یاسا هەبا گیانی نەدەخستە مەترسییەوە
رووداو - هەولێر
رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، ئەگەر شلێر رەسوڵی متمانەی تەواوی بە یاساکانی دەسەڵات و کولتووری پیاوسالارانەی کۆمەڵگەکەی هەبووا بۆ "بەرگریکردن لە کەرامەتی خۆی"، ئەوا ناچار نەدەبوو لە بەرامبەر ئەو کەسەی هەوڵیدا دەستدرێژی بکاتەسەر، گیانی بخاتە مەترسییەوە.
ئەو رێکخراوانە دەڵێن، شلێر رەسوڵی و ژنانی دیکەی وەکو ئەو، پێش ئەوەی قوربانیی تاوان و نەخۆشیی پیاوێک بن، قوربانیی دەستی یاسا و کولتووری پیاوسالارین، بۆیە داوا دەکەن بەرپرسیارێتیی ئەو رووداوە و هاوشێوەکانی بەرەوڕووی لاوازی و یاساکانی دەسەڵات بکەنەوە کە بەرگری لە مافەکانی ژنان ناکەن.
بەگوتەی رێکخراوە مەدەنییەکان، لە مەریوان چەندین ساڵە پەرە بە لاتپەروەری دەدرێت و بوونی ئاشکرای ئەو کەسانە کراوەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی مەترسیدار بۆسەر خەڵکی شارەکە. دەشڵێن، ئەو کەسانە گرێدراوی دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکانن.
لە راگەیێندراوەکەیاندا هەروەها هاتووە، بەشداریی زۆری خەڵک لە خۆپێشاندانی دوێنێ پێنجشەممەی مەریواندا بە واتای ئەوەیە چیدیکە کەمتەرخەمی لە دامودەزگاکانی دەسەڵات بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک قبوڵ ناکەن.
شلێر رەسووڵی، ئەو ژنە مەریوانییەی لە ترسی دەستدرێژیکردنەسەری لە پەنجەرەی ماڵێکەوە خۆی فڕێدایەخوارەوە و دوای پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
شلێر رەسوڵی تەمەن 36 ساڵان و دایکی دوو منداڵ، رۆژی پێنجشەممە 08-09-2022 لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە گیانی لەدەستدا.