نێچیرڤان بارزانى: دیالۆگى هەولێر و بەغدا پێویستى بە میکانیزمى گونجاوى باشترە

 
 
رووداو- هەولێر
 
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) رایگەیاند، دیالۆگى نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چۆنێتیى مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان پێویستى بە میکانیزمێکى گونجاوى باشترە.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە9-9-2019 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. هەریەک نێچیرڤان بارزانى و جێنین پلاسخارت پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، پرسى بودجەى گشتیى ساڵى داهاتووى عێراق، بارودۆخى پارێزگاى کەرکووک و چۆنێتى بەشداریکردنى لە هەڵبژاردنى پارێزگاکاندا، ناوچە جێناکۆکەکان و ماددەى 140ی دەستووی عێراقیان تاوتوێکرد.
 
نێچیرڤان بارزانى رایگەیاندووە، بۆ دیالۆگى هەولێر و بەغدا میکانیزمێکى گونجاوى باشتر پێویستە. روونیشیکردووەتەوە، مەرج نییە لیژنەکانى نێوان هەردوولا سیاسى بن، بەڵکو لە زۆر بواردا لیژنەکان دەکرێت تەکنیکى بن.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشى رۆڵى نەتەوە یەکگرتووەکانى کردووە و جەختى لە گرنگی بەردەوامی یۆنامى بۆ هاوکارى و یارمەتیدانى حکومەتى فیدراڵی عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر بەردەوامیى دیالۆگ و چارەسەرکردنى کێشەکان کردووەتەوە.
 
رەوشى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان و چۆنێتى گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانى خۆیان، دۆخى کوردانی ئێزدی ئاوارە و ناوچەى شنگال گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.