مەرج بۆ خەرجکردنى چەکى قەرەبووى عەرەبی هاوردە دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
مەرجێک بۆ پێدانی چەکی قەرەبووکردنەوە بە عەرەبە هاوردەکانى سنوورى مادەى 140 دادەنرێت، کە دەبێت پاڵپشتى شوێنى نیشتیەجێبوونیان دواى گەڕانەوە و کارتى نیشتمانى ئەو پارێزگایە بهێنن، کە لە ناوچە کوردستانییەکانەوە بۆى گەڕاونەتەوە.
کاکەڕەش سدیق، ئەندامى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 بە رووداوى راگەیاند، رێککەوتن کراوە تاوەکو ئەو عەرەبانەى چەکى قەرەبووکردنەوەى گەڕانەوە وەردەگرن بەڵێننامەیەک لە دادنووس پڕ بکەنەوە کە لە ماوەى 40 رۆژدا لەدواى وەرگرتنى چەکە بانکییەکە پاڵپشتى شوێنى نیشتیەجێبوون و بەڵگەنامەى کارتى نیشتیمانى ئەو پارێزگایە بهێنن، کە بۆى گەڕاونەتەوە.
بەگوێرەى مادەى 140 هەر ئاوارەیەک 10 ملیۆن دینار و عەرەبى هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن.
کاکەڕەش سدیق گوتی: "ئەو هەنگاوە بۆ گەرەنتیکردنى گەڕانەوەى عەرەبی هاوردەیە لە ناوچە کوردستانییەکان، چونکە پێشتر هەندێکیان قەرەبوویان وەرگرتووە و نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانى پێشووى خۆیان."
ئەو عەرەبە هاوردانە لە پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراقەوە گوێزراونەتەوە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دیکەى نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە.
لە یاسای بودجەى گشتى عێراق، 100 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەى ئاوارە و عەرەبە هاوردەکانى مادەى 140 تەرخانکراوە، کاکەڕەش سدیق گوتى: "نزیکەى پێنج هەزار عەرەبى هاوردە ماون قەرەبووبکرێنەوە و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".