سبەینێ تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی دەگەڕێنرێتەوە سلێمانی
بڕیارە سبەینێ رۆژی هەینی تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی لە ئەمریکاوە بگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان و لە سلێمانی مەراسیمی بەخاکسپاردنی بەڕێوەبچێت.
شێخ سامان مارف بەرزنجی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەینێ کاژێر 01:30ی پاشنیوەڕۆ، لەڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی دەگەڕێنرێتەوە.
شێخ سامان باسی لەوە کرد کە دەروێش و موریدەکانی تەریقەتی قادری لە ئێران و خوارووی عێراق و شارەکانی کوردستانەوە چوونەتە سلێمانی بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکەدا؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان پرسەی فەرمییان بۆ رێبەری کۆچکردوویان رانەگەیاندووە، بەڵام خەڵک سووربوون لەسەر بەشداریکردن.
ئەمڕۆ هەزاران دەروێشی شێخ محەممەدی کەسنەزانی بە شمشێر، خەنجەر و تەورەوە سنووری دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخیان تێپەڕاند و دەڵێن، دەیانەوێت لە سلێمانی بەشداری لە پرسەی رێبەرەکەیاندا بکەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، جێگرەوەی رێبەرەکەیان دەرببڕن.
رۆژی 4ی تەممووزی 2020، شێخ محەممەدی شێخ عەبدولکەریم کەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.