دەستەی گەشتوگوزار پێشبینی دەکات 300 هەزار گەشتیار لە جەژنی قوربان رووبکەنە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەرزی زێڕینی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربان دەستپێدەکات، بۆ ئەوەش لایەنی حکومی و کەرتی تایبەت ئامادەکارییان کردووە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 9-6-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "وەرزی هاوین وەرزی زێڕینی گەشتیارییە لە هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ دەستپێکی وەرزەکە بە هاتنی جەژنی قوربان دەستپێدەکات و بۆ پێشوازیش لە گەشتیاران، هەموو ئامادەکارییەک کراوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، بنکە گەشتیارییەکان و وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەتەوە و ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی جەژنی قوربان و رۆژانی دواتری. گوتیشی "ئاسایشی بازگەکان، ئێستا بە 5 خولەک گرووپی گەشتیاران بەڕێدەکەن و هاوکارمانن."
بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی وەرزی هاوین بەگشتی و جەژنی قوربان بەتایبەت، دەستەی گەشتوگوزار لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە لیژنەی جیای پێکهێناوە، بەشێکیان لە بازگەکاندا بەپێدانی بروشوور و زانیاری هاوکاری ئەو گەشتیارانە دەکەن، کە دێنە هەرێمی کوردستان.
یەکێکی دیکە لە ئامادەکارییەکانی دەستەی گەشتوگوزار، دانانی هێڵی گەرمە بۆ گەشتیاران، هەر گەشتیارێک پێویستی بە هاوکاری بێت، لە رێگەی ئەو هێڵەوە دەتوانێت داوای بکات.
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی "وەرزی هاوین دەرگەی قوتابخانەکان دادەخرێن و پلەی گەرما لە نێوەڕاست و باشووری عێراق زیاتر بەرز دەبنەوە، ئەمەش وادەکات خواستی گەشتکردن بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر ببێت. ئێستا هەرێمی کوردستان خواستی یەکەمی هاووڵاتییانی عێراقە بۆ سەردانیکردنی بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش."
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، جەژنی رەمەزان زیاتر لە 203 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەکە دەڵێت "بەهۆی کاتەکەیەوە، پێشبینی دەکەین بۆ جەژنی قوربان زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان."
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو، 7 ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکار وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمارکراون.
هەر بەگوێری دەستەی گەشتوگوزار، لەساڵی 2022شدا 6 ملیۆن و 35 هەزار و 57 کەس، ساڵی 2021یش چوار ملیۆن و 189 هەزار و 596 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2 هەزار و 500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاریی تۆمارکراون:
- 468 هوتێل
- 267 موتێل
- 33 کۆمەڵگەی گەشتیاری
- 20 گوندی گەشتیاری
- ژمارەی قەرەوێڵە: 63 هەزار و 682
- 524 چێشتخانە - رێستۆرانت
- 657 کافتریا
- 518 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری