چوار رۆژە دارستانەکانی پاوە دەسووتێن

رووداو دیجیتاڵ 

تیمێکی ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشان گەیشتە پاوە و دەڵێ؛ هێشتا ئاگری دارستانەکانی بەلەبزان کۆنترۆڵ نەکراوە، کە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە کەوتووەتەوە. 
 
عەلیڕەزا حەیدەری، قایمقامی پاوە دەڵێت؛ پارێزگاری کرماشان، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی پارێزگاکە گەیشتوونەتە ناوچەی مڕەخێڵ و بووزینی پاوە بۆ چاودێریی راستەوخۆی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی دارستانەکانی بەلەبزان. 
 
بەگوتەی عەلیڕەزا حەیدەری، تاوەکو ئێستا ئاگری دارستانەکە کۆنترۆڵنەکراوە و بەهۆی بەردەوامیی با، خەریکە بەرەو ناوچەی پارێزراوی بووزین و مەڕەخێڵ تەشەنە دەکات. 
 
قایمقامی پاوە ئاماژەی بەوەش دا؛ هیچ ئامارێکیان لەسەر رووبەری سووتاوی دارستانەکە لەبەردەستدا نییە. دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن و رووبەرە سووتاوەکە دەستنیشان دەکەن. دەشڵێت؛ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی خۆبەخش و ژینگەپارێزانی ناوچەکە لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە ئامادەبوون.
 
هاوکات محەممەد باقر محەممەدی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پاوەش رایگەیاند؛ ئێوارەی شەممە بە تەلەفۆن ئاگادارکراونەتەوە، چوار کەس لە ئاگرکەوتنەوەکەی بەلەبزان برینداربوون و هێزەکانی ماگی سوور بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بریندارەکانیان گواستووەتەوە نەخۆشخانەی قودسی پاوە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
 
ئێوارەی سێشەممە ئاگر لە دارستانەکانی بەلەبزانی سەر بە شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە، دوای 24 کاژێر خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام لە ئێوارەی پێنجشەممەوە ئاگرەکە سەریهەڵدایەوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵنەکراوە.