دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد؛ "لە بانکەکانی سلێمانی تەنیا پارە بۆ ئەمڕۆ هاتووە"

 
رووداو دیجیتاڵ

دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بەرپرسێک لە بانکێکی سلێمانی دەڵێت، پارەیان "کەمە" و تەنیا بەشی ئەمڕۆ دەکات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی حوزەیرانی 2024 دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستیی تایبەت دابەش دەکرێت.
 
بەرپرسێک لە یەکێک لە بانکەکانی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەشکردنی مووچە دەستیپێکردووە و بێ کێشە بەڕێوەدەچێت، بەڵام پارە کەم هاتووە و تاوەکو لە بەردەستمان بێت دابەشی دەکەین، رەنگە بەشی ئەمڕۆش نەکات."
 
دوێنێ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دارایی عێراق 107 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان. راشیگەیاند، "دوای گەیشتنی تەمویلی وەزارەت و دام و دەزگاکانی دیکە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە، راستەوخۆ خشتەی مووچەی ئەو دامودەزگەیانەش رادەگەیێندرێت."
 
دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار، لە 15ی مانگی پێنج دەستیپێکرد. هەروەها دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ لە 06-04-2024 دەستیپێکرد و 8ی هەمان مانگ دابەشکردنەکەی کۆتاییهات.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 940 ملیار دینارە.