یەکێتیی کەمئەندامان: 89 هەزار کەمئەندام پێویستیان بە هاوکارییە بۆ جەژن

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ مووچەی مانگی پێنجی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابەش دەکرێت. بەرپرسی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان دەڵێت، 100 بۆ 150 هەزار دینار وەردەگرن و بەشی بژێویی ژیانیان ناکات.
 
سامان حوسێن، لێپرسراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 09-06-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو پارەیەی وەریدەگرین، بەشی هیچ ناکات، کەمئەنداممان هەیە منداڵی نەخۆشە و زۆرینەشیان کرێچین." 
 
بەگوێرەی ئاماری بەردەست، یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 89 هەزار نیڤشکان هەن، لەو ژمارەیە 52 هەزاریان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و نزیکەی 37 هەزاریشیان لە سلێمانی و هەڵەبجەن.
 
لێپرسراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان داوای لە بەرپرسانی حکومەت و سەرمایەداران کرد، هاوکاری نیڤشکانان بکەن، گوتی "تەنیا بۆ نانی جەژن هاوکاریی کەمئەندامان و خێزانەکانیان بکەن." 
 
جگە لەو نیڤشکانانەی ئەو بڕە پارەیەیان وەکو مووچە بۆ بڕاوەتەوە، نزیکەی 40 هەزار نیڤشکانی دیکە لە هەرێمی کوردستاندا هەن و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ مووچەیەکیان بۆ دابیننەکراوە.