ئەو سەربازەی بە زریپۆش منداڵێکی 5 ساڵانی لە جۆلەمێرگ کوشت، ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەو سەربازە تورکەی لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، منداڵێکی کوردی تەمەن 5 ساڵانی بە زریپۆش شێلا و کوشتی، ئازادکرا. بڕیارەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری بەدواداهات.
ئەو سەربازە "شارەزایە" تورکە رۆژی چوارشەممە، 7ی حوزەیران لە شارۆچكەی گەڤەر منداڵێکی کوردی بە ناوی ئەردەم ئاشکن شێلا کە تەمەنی پێنج ساڵان بوو و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا، بەڵام ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 8ی حوزەیرانی 2023 بە مەرجی دادوەری ئازاد کرا.
وەزیر پارلاک، پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، "تاوانبارەکە دیسان منداڵێکی کورد بوو. با دادپەروەریتان نوقم بێت".
لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ راپۆرتێکدا لەبارەی گیانلەدەستدان بەهۆی زریپۆش و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ناوچە سڤیلنشینە جیاوازەکانی باکووری کوردستان بڵاوکردەوە ئاشکرای کردووە لە 15 ساڵی رابردوودا 44 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، کە 21یان منداڵن.