ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری تاپۆکردنی زەوییەکانی گوندی کۆری دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری لە شاری هەولێر دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری تاپۆکردنی زەوییەکانی دەرکردووە. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانیش گوتی، لە بڕیارەکە ئاگادار کراونەتەوە و ئەوانیش رێکارە یاساییەکان بۆ جێبەجێکردنی دەگرنەبەر.
رۆژی سێشەممە، 9ـی ئایاری 2023، کاروان کەریم، یەکێک لە نوێنەرانی خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بە نووسراوی ژمارە 58، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، بڕیاری ژمارە 608ی ئەنجوومەنی وەزیرانی بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ جێبەجێکردنی تاپۆکردنی زەوییەکان".
بڕیاری تاپۆکردنی زەوییەکان ئاراستەی وەزارەتەکانی داد و شارەوانی کراوە. کاروان کەریم گوتی، "ئەو دوو وەزارەتەش بەگوێرەی یاسا کارگێڕییەکان نووسراوەکان ئاراستەی فەرمانگەکانی شارەوانی و تاپۆ دەکەن بۆ جێبەجێکردن".
هاوکات بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاپۆکردنی زەوییەکان بە بڕیار و واژۆی سەرۆکوەزیران دەرکراوە و ئەوانیش رێکارە یاساییەکان بۆ جێبەجێکردنی دەستیپێدەکەن. گوتیشی: "هەوڵدەدەین بە زووترین کات بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی خاوەن زەوی و وەبەرهێنەر جێبەجێ بکرێت".
رۆژی 15-11-2022، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی ئەوان داوە بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی کۆری لە هەولێر بە پارچە زەوییەک لە هەمان ناوچەی خۆیان.
گوندی كۆری له ساڵی 2014 بهپێی رێككهوتنێكی نێوان حكومهتی ههرێمی کوردستان و كۆمپانیایهكی كۆریای باشوور لە ھەولێر لەسهر رووبهری ههزار و 592 دۆنم زەوی وەک هاوکارییەک بۆ کرێنشینان بڕیاری دروستکردنی درا، کە بریتیبوون لە 5 هەزار و 304 یەکەی نیشتەجێبوون؛ نزیکەی 1200 لەو خانووانە دابەشکران، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێک دابەشکردنی خانووەکانی دیکەی راگرت. ئێستا ئەوانەی لە چاوەڕوانیی تاپۆکردنی زەوییەکانیاندان 4 هەزار و 128 خێزانن.