یەكێتی و گۆڕان: پێویستە پەیوەندییەکانمان لە حکومەت و حیزبیش پتەوتر بکەین


رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەوە و رایانگەیاند، پێویستە پەیوەندییەکانی نێوانیان پتەوتر بکرێن، هاوڕاش بوون کە "دەبێت هەوڵەکان بەو ئاراستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکرێت." گوتەبێژی قوباد تاڵەبانیش دەڵێت، کۆبوونەوەکان "بۆ رێکخستنەوەی کاری هاوبەشی هەردوو لایەنە، بەتایبەتی بۆ ئیدارەدانی دەڤەری سلێمانی".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 09-05-2023، تیمی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی و مستەفا سەید قادر کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە: "گفتوگۆیان لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانکاری و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناخەکانی داهاتوو و رێکخستنەوەی باشتری پەیوەندییەکان کرد."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شاندی هاوبەشی هەردوولا لەبارەی "چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت و هەرێمی کوردستان بەگشتی کرا. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەنووکەیی کراو لەو بارەیەشەوە باسیان لە دارشتنی سیاسەتی کاری هاوبەش و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناخەکانی داهاتوو کرد."
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە رووداوی گوت، لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دوو جار کۆبوونەوەتەوە و ئەمڕۆش قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی کۆبووەتەوە؛ لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکانیش، سەمیر هەورامی گوتی: "بۆ رێکخستنەوەی کاری هاوبەشی هەردوو لایەنە، بەتایبەتی بۆ ئیدارەدانی دەڤەری سلێمانی".
 
لەبارەی کێشەکانی سلێمانی کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسی لێوەکراوە، گوتەبێژەکەی قوباد تاڵەبانی گوتی: "چەند جارێکی دیکەش کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سلێمانی کراوە؛ دوێنێش کۆبوونەوەیەکی باش لەنێوان سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی کراوە و بەهیواین کۆبوونەوەکان بەردەوام بن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان کە باسکراون".
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، شاندە هاوبەشەکە "جەختیان لەو کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت و حیزبیش پتەوتر بکرێن بۆ ئەوەی لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بێت و بتوانرێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببن و داکۆکی لە داوا رەواکانی و پێویستییەکانی سلێمانی بکەن."
 
ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕانە لە چەند رۆژێکدا. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وەکو لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، "هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت هەوڵەکان بەو ئاراستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکرێت و هەردوو تیم راسپێردران کە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری و جیاوازیی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پێکەوە خزمەتی باشتری سلێمانی بکەن."