لە زاخۆ گەنجێک زیاتر لە 2500 قەل، قاز و مریشک بەخێودەکات
رووداو - هەولێر
لە زاخۆ گەنجێک لە پرۆژەیەکدا لەسەر 35 دۆنم زەوی زیاتر لە دوو هەزار و 500 قەل، مریشک و قاز بەخێودەکات و 12 کەسیشی خستووەتە سەر کار.
عەباس عەبدوڵڵا، خاوەنی پرۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەر لە 10 ساڵ تەنیا 12 قەلم هەبوو. دوای ئەوە بوونە 60 تا 80، بۆیە بیرم کردەوە کارەکە باشتر بکەم. تێچووی هەر دانەیەکیان تا دەبنە شەش مانگ 15 بۆ 20 هەزار دینارە".
ئەو پرۆژەیە لەسەر 35 دۆنم زەوی لە گوندی چەمشکۆی زاخۆ جێبەجێ کراوە. پێنج هەزار بنەداری تێدا چێنراوە و ئێستا سەوزایی و سێبەرە بۆ پەلەوەران.
12 کەس لەو پرۆژەیەدا کاردەکەن و بژێوی نزیکەی 50 کەس دابین دەکات. ئەوان هەوڵدەدەن پەلەوەرەکان تێر و تەندروست بن تاوەکو بە کەمترین تێچوو زۆرترین قازانج بکەن.
نەشوان یاسین، سەرپەرشتیاری بەخێوکردنی مریشکەکانە و دەڵێت، "خواردنیان گەنمەشامییە. وەکو چارەسەری هەفتەی دوو جار پیازیان دەدەینێ کە باشترە ئەوەیان بدەینێ تا حەب و دەرمان".
300 مریشکی ئەو پرۆژەیە بەشێک لە سەرچاوەی داهاتن. خەڵک هێلکەکانیان بۆ هەڵهێنانی جووچکە بەکاردەهێنن. مریشکەکانیش بە 20 هەزار تاوەکو 120 هەزار دینار دەفرۆشرێن.
لە پرۆژەکەدا نەعامە و تاوس هەن، بەڵام بۆ جوانین. هەروەها 250 قازیش بەخێودەکرێن.
هەرچەندە پرۆژەکە نوێیە و تەنیا شەش مانگە دامەزرێنراوە، بەڵام جگە لە سەدان هێلکە کە رۆژانە بۆ خواردن و جووچکە دەفرۆشرێن، مانگانە نزیکەی دوو هەزار و 500 کیلۆ گۆشت دەفرۆشن کە نرخی هەر کیلۆیەک زیاتر لە 10 هەزار دینارە.