لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سبەی دووشەممە شاندێکی لیژنەکەیان سەردانی سلێمانی دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی شارەکە. دەشڵێت، راپۆرتێک لەبارەی هێرشەکە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرزدەکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-04-2003، سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی گوت، لەسەر داوای موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێکهاتووە و سبەی سەردانی پارێزگاکە دەکات.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، لیژنەکەیان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و ئیداریی سلێمانیش کۆدەبنەوە بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە.
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 08-04-2023، لە تویتێکدا لە هەژماری تویتەری خۆی گوتی: "داوا لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی دەکەین لیژنەیەکی لێکۆڵێنەوە پێکبهێنێت بە مەبەستی هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو هێرشە و بەپەلە راپۆرتی خۆی پێشکێش بکات تاوەکو رێکار بگرنەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و پارێزگاریکردن لە گیانی گەلەکەمان لە هەر هێرشێکدا".
بە گوتەی سەگڤان یوسف، دوای سەردانیان بۆ سلێمانی، لیژنەکەیان راپۆرتێکی دەبێت و پێشکێش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی دەکات لەبارەی رووداوەکەوە.
هاوکات دوێنی شەممە، شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عیراق گەیشتنە سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی رووداوی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق دژی پێشێلکردنی سەروەرەریی وڵاتە و ئاماژە بەوەش دەکات کە لە رێگەی چەند شاهێدحاڵێکەوە گوێبیستی وردەکاریی رووداوەکەی سلێمانی بووە.