بەدواداچوونی رووداو: مانگانە داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەم وەرزەدا زیان بە 20 هەزار گەشتیار دەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێستا لە نووسینگەی سلێمانیی هێڵى ئاسمانیی تورکیش ئێرلاین کە هەفتەیەکە گەشتەکانى لەگەڵ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانی راگرتووە؛ زۆربەی ئەوانەی سەردان دەکەن، بۆ گۆڕینى بەروارى تیکت و فڕۆکەخانەکەیانە لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و کەرکووک.
ستار حەمەسەعید، هاونیشتمانییەکی سلێمانییە و هەڵگری وڵاتینامەی بەریتانیایە، دەڵێت: "ئێمە گرفتى ئەوەمان بۆ دروستبووە کە دوو لە تیکێتەکانمان بڕیبوو، ئێستا لە سلێمانییەوە رێگە نییە، جگە لەوەى دوا دەکەوین و منداڵەکان قوتابخانەیان دەفەوتێت، تیکتیش نزیکەى 35% گرانبووە."
ئێستا فڕۆکەخانەى سلێمانى نزیکەی نیوەی ژمارەى گەشتەکانى راگیراون؛ لەوانە: تورکیش ئێرلاین 11 گەشتی چوون و هاتن، کۆندۆر دوو گەشتی چوون و هاتن (دۆسڵدۆرف)، عێراقییە: سێ گەشت، گەشتێکی تایبەتی گەشتیاریی پێگاسۆسی تورکی.
گەشتە بەردەوامەکانی هەفتانە لە فڕۆکەخانەکە بەمشێوەیەن:
قەتەر ئێرلاین: 7 گەشتى چوون و هاتن
فلاى دووبەى: 3 گەشت
ماهانى ئێرانى: 3 گەشت
رۆیاڵى ئوردنى: 3 گەشت
عێراقییە: 12 گەشت (لوبنان، میسر، دووبەى و بەغدا)
ئارام ئەحمەد، بەڕێوەبەرى هێڵەکەیە و دەیەوێت نیگەرانیی خەڵک لەسەر کاروبارى هێڵەکەیان لە سلێمانى بەوە بڕەوێنێتەوە کە بڕیارەکە حکومى و سیاسییە و لەسەرووى ئەوانەوە دراوە. ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لە 26ـی ئادارەوە گەشتەکانمان لە 7 گەشتەوە زیادکرابوو بۆ 11 گەشتى چوون و هاتنەوەى هەفتانە، رۆژانە نزیکەى 150 گەشتمان هەبوو، هەرکات حکومەت بڕیارى کردنەوەیدا، ئێمە دەست پێدەکەینەوە."
پارێزگارى سلێمانى، نووسراوى روونکردنەوەى خۆیانى بۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، حکومەتى عێراقى و هاوپەیمانان ناردووە و چاوەڕێى روونکردنەوەى ئەوانیشە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند، "فڕۆکەخانەى سلێمانى مەدەنى و نێودەوڵەتییە و هیچ کێشەیەکى نییە، داواشمان کردووە کە ئەو رووداوەى دوێنێ [هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە] جارێکى دیکە دووبارە نەبێتەوە."
زۆرینەى ئەو گەشتانەى راگیراون، کاتەکانیان دەکەوێتە نیوەشەو یان بەرەبەیان، هەر بۆیە ئەوانەى پەنا بۆ فڕۆکەخانەى هەولێر و کەرکووک دەبەن، دەبێت رۆژێک پێشتر یان دەمەوئێوارە بەڕێبکەون.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە وەرزێکی گەشتیاریی وەکو ئێستا [مانگی نیسان] مانگانە نزیکەی 20 هەزار گەشتیاری چوون و هاتن بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکە زیانیان پێدەگات. لە وەرزی گەشتیاریی هاوینەش، ژمارەکان دەبنە دوو و هەندێکجاریش سێ هێندە.