فەلاح مستەفا: سەرۆکی ئیمارات بایەخێکی تایبەت بە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیمارات دەڵێت، سەرۆکی ئەو وڵاتە "بایەخێکی تایبەت" بە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات. دەشڵێت، هەردوولا بە پەرۆشن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-03-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی وڵاتەکە، سەردانی ئیماراتی کرد و لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە میوانی سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بوو بۆ ئیمارات و وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی دایەوە.
فەلاح مستەفا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید ئال نەهیان باسیان لە پهيوهندييهكانى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ ئيمارات، دۆخى عێراق و ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا، بوارهكانى هاريكاريى هاوبهش و دوايين پێشهاتهكانى ناوچهكه، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و چەند بابەتێکی دیکەی جێگەی بایەخی هاوبەش کردووە.
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە پێیوایە کە زۆر خاڵی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات هەن کە هەردوولا کۆدەکاتەوە و دەڵێت، ئیمارات لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی کە هەیە هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. دەشڵێت، هەولێر و بەغدا دەبێ ئەو ئەرکانەی سەرشانیان جێبەجێ بکەن کە پێویستن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیمارات پەیوەندییەکانیان ببەنە قۆناخێکی دیکەوە.
لەبارەی پلانی نوێی هەرێمی کوردستان و ئیمارات بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان، فەلاح مستەفا دەڵێت، لە بواری سیاسی، ئابووری و بازرگانی، وەبەرهێنان، پەروەردە و کولتووری هەوڵ هەیە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان و دەشڵێت، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە کردەوە بۆ ئەوەی ماوەی زۆر لەنێوان سەردانەکان نەبێت و بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
ئەو یاریدەدەرەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات کە ئیمارات بە "بایەخەوە" سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و "ئێمەش لە هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە ئەو پەیوەندییانە دەکەین". گوتیشی، ئاییندەیەکی باش بۆ ئەو پەیوەندییانە هەیە.