راهێنەرێکی لەشجوانی لە کوردستان: بەهۆی کۆرۆنا نزیکەی 12 ملیۆن دینار زیانمان بەرکەوتووە


رووداو - هەولێر

بەربەستی زۆر بۆ پێشگیری لە کۆرۆنا دانراون. هۆڵەکانی لەشجوانیش بوونەتە قوربانیی ترس لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڤید-19. هۆڵی داخراو و قەرەباڵغی زۆر، شوێنێکی گونجاوە بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بۆیە بڕیاری داخستنی دەرکراوە، بەڵام ئەمە بە زیانی خاوەن هۆڵەکان شکاوەتەوە.
 
دلاوەر عوسمان، راهێنەری هۆڵی لەشجوانی ئێچ ئێف دەڵێ "لە ماوەی ئەم 10 رۆژەدا نزیکەی 10 بۆ 12 ملیۆن دینار زیانمان بەرکەوتووە، چونکە کرێی هۆڵمان زۆر لەسەرە".
 
بڕیاری داخستنی سەنتەر و هۆڵەکانی لەشجوانی و مەلەوانگەکان لە 29ی شووباتەوە هاوکاتە لەگەڵ رێکارەکانی پێشگیری لە کۆرۆنا.
 
دانا جومعە، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی هۆڵەکان باس لەوە دەکات "پێمان باشە هۆڵەکان بکرێنەوە، بەڵام بە چاودێریی تووندی وەزارەتی تەندروستی، بۆ نموونە لە هەر هۆڵێک پزیشکێک بۆ چاودێریکردن دابنرێت".
 
لە شوێنی کراوەدا مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆنا کەمترە، بۆیە لەم رۆژانەدا خەڵک زیاتر لە پارکەکان وەرزش دەکەن، بەڵام ئەمەش نەیتوانیوە قەرەبووی زیانە جەستەیی و مادییەکانی وەرزشڤانان بکاتەوە.
 
ئاکۆ عەزیز، یاریزانی لەشجوانی ئاماژە بەوە دەکات "یاریزانمان هەیە 20 تاوەکو 30 وەرەقەی خەرجی جەستەی خۆی کردووە، ئێستا بەهۆی داخرانی ئەم هۆڵانە و راگرتنی یارییەکان، هەموو پلانەکانی تێکچوون".
 
کۆرۆنا تاوەکو ئێستا سنوورەکانی زیاتر لە 100 وڵاتی بڕیوە، کەرتی وەرزشیشی وەک کەرتەکانی دیکە تووشی قەیران کردووە، بەجۆرێک کە زۆربەی یارییەکان راگیراون یان بەبێ هاندەر بەڕێوەدەچن و دیارنییە ئەم خۆپارێزییە تاوەکو کەی بەردەام دەبێت.