منداڵە سووتاوەکەی رۆژئاڤای کوردستان چارەسەری بۆ کرا

 
رووداو - هەولێر

محەممەد حەمید، ئەو منداڵەی کە بەهۆی بۆردوومانەکانی رۆژئاڤای کوردستان جەستەی سووتا، باوکی دەڵێت "دۆخی کوڕەکەم باشە و دەگەڕێینەوە بۆ رۆژئاڤای کوردستان".

حەمید، باوكی محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "محەممەدی کوڕم لەژێر ملیەوە تاوەکو ناوکی سووتابوو، دوای ئەوەی هێنرایە باشووری کوردستان لە 22-10-2019 بۆ چارەسەری رەوانەی فەرەنسا کرا".
 
باوکی محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا گەڕاونەتەوە باشووری کوردستان و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بگەڕێنەوە رۆژئاڤای کوردستان و دەڵێ "سوپاس بۆ خودا، سوپاسی سەرۆک بارزانی و هەموو ئەوانە دەکەم کە هاوکارمان بوون".
 
حەمید ئەوەی خستەڕوو، محەممەدی کوڕی تاوەکو ئێستا حەوت نەشتەرگەریی جوانکاری و پێستی بۆ کراوە و ئێستاش چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
 
لە 9-10-2019 سوپای تورکیا بەمەبەستی دروستکردنی "ناوچەی ئارام" لەگەڵ چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان لەژێر ناوی "کانیی ئاشتی" دەستپێکرد، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک ئاوارەبوون و ژمارەیەکیش کوژران و برینداربوون.
 
لە 17-10-2019 دوای کۆبوونەوەیەکی پێنج کاژێری، لایەنی ئەمەریکی و تورکی رایانگەیاند؛ تورکیا بە ئاگربەستێکی پێنج رۆژە رازیبووە، پاشان لە 22-10-2016 رێککەوتنی رووسی- تورکی لە سۆچی لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پووتین، هاوتا رووسییەکەی واژۆکرا، ئاگربەستێكی شەش رۆژ و شەش کاژێری راگەیێندرا و پاشان بوو بە ئاگربەستی هەمیشەیی.