رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان، بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی بە مەبەست بۆ رێکخراوی تیرۆریستی" و "بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە خۆپێشاندانەکاندا" دادگەیی دەکرێت.
رۆژی 11ـی شوباتی 2025، سێیەمین دانیشتنی دادگەییکردنی عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان، لە پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەدەچێت.
عەبدوڵڵا زەیدان رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2015 لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانتارانی هەدەپە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کۆڵان بەکۆڵانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان کە بە شەڕی "خەندەق" ناسرابوو، چووە بارەگایەکی سەربازیی لە ناوچەی گەڤەر لە جۆلەمێرگ.
ئامانج لەم چالاکییەی هەدەپە بۆ ئەوە بوو خۆیان بکەنە قەڵخان لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، بەڵام بە تۆمەتی "پێشێلکردنی ناوچە قەدەخەکراوە ئەمنییەکان و رێگریی لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و هاوکاریکردنی بە مەبەست بۆ پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر"، سکاڵای لەسەر تۆمارکرا.
یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنی عەبدوڵڵا زەیدان لە رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 2025 و دووەمین دانیشتنی دادگەییکردنەکە لە رۆژی 30ـی هەمان مانگ لە پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی زەیدان لە هەردوو دانیشتنەکە بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە، دادبینییەکە دواخرا.
رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2025، داواکاری گشتیی کۆماریی ئامەد، دوو تۆمەتنامەکەی لە دژی عەبدوڵڵا زێدان، بە تۆمەتەکانی هاوکاریکردنی بە مەبەست بۆ رێکخراوی تیرۆریستی و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە خۆپێشاندانەکاندا، پێشکێشی دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد کرد. پێنجەمین دادگەی ئامەد، رۆژی 7ـی مانگ تۆمەتنامەکەی پەسند کرد و بانگهێشتنامەی ئاراستەی عەبدوڵڵا زێدان کرد.
لە ئەگەری سزادانی عەبدوڵڵا زێدان و زیندانیکردنی، لە کارەکەی وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان دووردەخرێتەوە و شارەوانییەکە قەیوومی بۆ دادەنرێت.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی 245 هەزار و 573 دەنگ ( 55.48٪ی دەنگەکان)ی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ