وەزارەتی کشتوکاڵ: پار بەرهەمی پەتاتە زیاتر لە 600 هەزار تۆن بووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، پار زیاتر لە 600 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندراوە و بەشێکی هەناردەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو کراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 09ـی کانوونی دووەمی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چەند ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، جگە لە پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی، بەشێکی لێ هەناردە دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "پار لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 تۆن بەرهەمی پەتاتەمان هەبووە، پرۆسەی بەبازاڕکردنی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو، بەشێک لەو پەتاتەیە هەناردەی وڵاتانی عەرەبی و یەکێتیی ئەورووپا کرا و لە چوارچێوەی براندێکی جیهانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
بە گوتەی هیوا عەلی، زۆربەی کارگەکانی هەرێمی کوردستان پەتاتەی خۆماڵی وەردەگرن بۆ چپس و فینگەر بەکاری دەهێن، هەروەها ئەم بەرهەمە لە شارەکانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق خواستی زۆری لەسەرە.
ساڵانە لە چوارچێوەی یاسای پاراستنی و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ، زۆربەی بەرهەمەکان لەکاتی پێگەیشتندا هاوردەکردنیان قەدەخەیە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە هاوردەکردنی پەتاتە قەدەخەیە."
لە ساڵی 2023دا، بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 650 هەزار تۆن بوو، لەکاتێکدا لە ساڵی 2009ـدا تەنیا دوو هەزار تۆن بووە.