پەتاتەی قاچاخ نرخی پەتاتەی خۆماڵیی دابەزاندووە؛ 'لە هەر تۆنێک 100 هەزار دینار زیان دەکەین'
رووداو دیجیتاڵ
وەرزی کۆکردنەوەی پەتاتەی پاییزەیە لە هەرێمی کوردستان. جووتیاران وێڕای ئەوەی بەرهەمێکی باشیان هەیە، بەهۆی بوونی پەتاتەی قاچاخ، دڵیان بە بەرهەمەکەیان خۆش نییە.
حوسێن خدر 10 ساڵە لە دەشتی نافکوری بەردەڕەش کاری چاندنی پەتاتە دەکات. بۆ ئەم وەرزە 53 تۆن پەتاتەی چاندووە. بەرهەمەکەی زیاتر لە 300 تۆنە. لە بەرهەمەکەی رازییە، بەڵام نیگەرانە لەو نرخەی لە بازاڕ دا پێی دەدرێت.
حوسێن خدر جووتیارە و دەڵێت: "پێش ئەوەی پەتاتەی ئێرانی بێتە بازاڕەوە، پەتاتەی خۆماڵی بە 500 بۆ 550 دینار دەفرۆشران. دوای ئەوەی پەتاتەی ئێرانی هات، ئێستا کیلۆی خۆمان بە 350 بۆ 450 دینار دابەزیوە. ئەگەر هەر تۆنێک 100 هەزار دینار زیان بکەین بۆ جووتیار دەکاتە زۆر."
بەشێک لە جووتیاران بەهۆی بێ بازاڕی ناچارن بەرهەمەکانیان کۆگە بکەن. ئەویش بارگرانییان بۆ دروست دەکات. بۆ هەر تۆنێک، مانگانە 50 دۆلاریان لەسەر دەکەوێت.
عەبدوڵڵا عەلی یەکێکە لەو جووتیارانە و دەڵێت: "نرخی بەرهەمهێنانی هەر تۆنێک پەتاتە بە 480 بۆ490 هەزار دینار لەسەرمان دەکەوێت. ئەگەر بەو نرخەی ئێستا بفرۆشین تووشی زیانێکی گەورە دەبین."
بازاڕ پڕبووە لە پەتاتەی ئێرانی. ئەوەش وێڕای ئەوەی هاوردەکردن قەدەخە کراوە. لەگەڵ هاتنی پەتاتەی ئێرانیش، پەتاتەی خۆماڵی بێ بەها بووە.
تەحسین محەممەد، بازرگانی پەتاتەیە و دەڵێت: "پەتاتەی ئێرانی بە قاچاخ داخڵ دەبێت و گومرکی لەسەرە، بۆیە کیلۆی بە 700 بۆ 750 دینارە، بەڵام هی خۆماڵی بە 400 بۆ 450 دینارە."
بەپێی ساڵنامەی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، تا 31ـی ئەم مانگە هاوردەکردنی پەتاتەی بیانی بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە. بەگوتەی وەزارەتەکە، هەر پەتاتەیەک لە بازاڕ دا هەبێت، بە قاچاخ داخڵ بووە.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو کاتە رێگە بە هاتنی پەتاتەی بیانی دەدەین کە هاووڵاتیان نەتوانن پەتاتەی خۆماڵی بکڕن، لە کێڵگەکان و لە کۆگەکان نەمێنن و نرخ گران بێت و کوالێتیی خۆمان تەواو دابەزێت. ئەوکات لەبەر بەرژەوەندیی گشتی خوێندنەوە بۆ ئەوە دەکەین."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، پار بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 هەزار تۆن بووە."