وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: شەڕی دژی داعش کاریگەریی بەسەر ئەوروپا و ئەڵمانیاشەوە هەیە

 
رووداو - هەولێر

كريستينه ‌لامبرێشت، یەکەم سەردانەکانی ساڵی نوێی لە یەکەم مانگی دەستبەکاربوونی وەکو وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دوای ئوردن گەیشتە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر لە هەولێر سەردانی هێزە ئەڵمانییەکانی کرد.
 
كريستينه ‌لامبرێشت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بۆ من شانازییەکی گەورە بوو کە ئەمڕۆ توانیم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان قسە بکەم. پێم گرنگ بوو کە جارێکی دیکە رێزی گەورەی خۆمان پێیان رابگەیێنم بۆ ئەو کارە گەورەیەی لێرە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، رووبەڕووبوونەوەی داعش لە کوردستان ئەنجامدراوە. زۆر، زۆر قوربانی دراون کە ئێمە بە رێزێکی گەورەوە لێیان دەڕوانین، چونکە بابەتەکە ئەوە نییە کە شەڕی دژی تیرۆر تەنیا لەم هەرێمەوە دەکرێت، بەڵکو ئەمە شەڕێکە کە هەموومان پێکەوە دەیکەین؛ ئەمە شەڕێکە پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، بە ئەوروپا و ئەڵمانیاشەوە".
 
وەزیرە ئەڵمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆیە زۆر مەبەستم بوو کە سوپاسێکی لە دڵەوە و ستایشی خۆمان دەرببڕین بۆ ئەم کارە گەورەیەی کراوە.  زۆر باش لەیادمە ئەو کاتەی ئەندامی پەرلەمان بووم بڕیارماندا بە پێدانی چەک بە پێشمەرگە بۆ ئەم شەڕە بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە بکرێت، چونکە ئەم شەڕە بۆ ئێمەش بووە. پێویستە روون بین کە ئەم شەڕە کۆتایی نەهاتووە. ئێمە زۆر هەنگاو بەرەوپێشەوە رۆیشتووین، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەوەی کە بڵێین داعش لەنێو چووە؛ بۆیەش بۆ من گرنگە بوو کە روون بم و بڵێم بەشداریکردنی ئەڵمانیا لەم شەڕەدا پێویستە بەردەوامی پێبدرێت. ئێمە ئێستا لە ئەڵمانیا زۆر بە چڕی دانوستاندن لە سەر ئەوە دەکەین ئەم بەشدارییە لە ئاییندەدا چۆن بێت".
 
لەبارەی گرنگیی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیای پرسی، "لە دووەم سەردانتان بۆ دەرەوەی ئەڵمانیا، سەردانی عێراقتان کرد و بەتایبەتیش سەردانی هەرێمی کوردستان، ئەم ناوچەیە چەند گرنگە بۆ ئەڵمانیا بەتایبەتی و بەشێوەیەکی گشتیش بۆ هاوپەیمانان؟ لەمیانی کۆبوونەوەکەتاندا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گرنگترین بابەت چی بوون کە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تاوتوێتان کرد؟"
 
كريستينه ‌لامبرێشت لە وەڵامی پرسیارەکاندا گوتی، "بە مەبەستەوە ئەم سەردانەم بەم شێوەیە هەڵبژارد، چونکە پێویستە روون بین کە شەڕی دژی داعش، شەڕی دژی تیرۆر شەڕێکی پەیوەندیدار نییە تەنیا بە هەرێمێکەوە و لێرە بکرێت و ئیدی پەیوەندی بە ئێمەوە لە ئەوروپا و ئەڵمانیا نەبێت، بەڵکو دۆخەکە پێچەوانەیە؛ ئەمەش بۆ من گرنگ بوو کە روونی بکەمەوە. ئێمە ئاگادارین چ کارێکی گەورە لێرە ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەبێت بەشداربین و پشتگیریکەر بین، چونکە ئەم شەڕە پەیوەندی بە ئێمەوەش هەیە؛ ئەم رۆژانە زۆر گرنگ بوون؛ گفتوگۆی زۆر گرنگمان هەبوو بۆئەوەی ئەزموون و زانیاری تەواو وەربگرین و ئەوەشمان لێرە بەدەستهێنا. گفتوگۆی زۆر بونیادنەرانە بوون".
 
زیاتر لە 250 سەرباز و راوێژکاری ئەڵمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، نزیکەی 150یان لە هەرێمی کوردستانن. لە ساڵی 2015وە ئەڵمانیا زیاتر لە دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریی مرۆیی و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە. بەپێی ئامارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش، ئەڵمانیا ساڵی رابردوو زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار بۆ سەقامگیریی ئەمنی لە عێراق تەرخانکردووە.