وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
کریستین لامبرێت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 
 
بڕیارە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر بکات. لە کۆبوونەوەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدارن.
 
سەردانەکەی لامبێرت بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە تەنیا یەک مانگە وەکو وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەستبەکار بووە. لامبێرت سەر بە پارتی سۆشیال دیموکراتەکانە و پێشتریش لە کابینەکەی مێرکڵ چەند پۆستێکی دیکەی هەبووە، لە نێویاندا وەزیری کاروباری خێزان، کەسانی بەتەمەن و هەروەها ژنان و گەنجان.
 
عەمید روکن هەژار ئیسماعیل، راوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامی بۆردی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ی تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا "لەو بڕوایەدام باسی درێژکردنەوەی ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بکات، هەم لە عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستان.. هەروەها گرنگە باس لە درێژەدان بە زیادکردنی هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 09-01-2022 وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە. بەپێی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردوو وڵات کراوە.
 
لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا، ئەوە دووەمین سەردانی کریستین لامبرێتە بۆ دەرەوەی ئەڵمانیا، بەر لە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، سەردانی لیتوانیای کردووە و هێزەکانی وڵاتەکەی بەسەرکردووەتەوە.
 
لە ساڵی 2014وە ئەڵمانیا رۆڵێکی سەرەکیی لە شەڕی دژی داعشدا دەگێڕێت و هاوکاریی سەربازی پێشکێشی پێشمەرگە کردووە، هەروەها ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیشی لە هەرێمی کوردستان هەن.
 
لە 9ی ئاداری 2021یش، وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی هۆلڤار کۆنکل، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێککەوتنی هاوبەشیان بۆ زیادکردنی تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە و ئامادەکاری بۆ راهێنانی سەربازی واژۆکرد. 
 
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا، کە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، لە نێویاندا لە پرۆسەی چاکسازیدا.
 
پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 29-10-2020 بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو کانوونی دووەمی 2022 دا، هەروەها ژمارەی سەربازەکانی لە 800 سەربازەوە بۆ 700 سەرباز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمکردنەوە.
 
کۆی ژمارەی ئەو سەرباز و راوێژکارە ئەڵمانییانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەریکی راهێنانن دەگاتە 200 سەرباز و  لەو ژمارەیە 150 کەسیان لە هەرێمی کوردستان جێگیربوون و لە راهێنانی پێشمەرگە بەردەوامن.
 
ئەڵمانیا لە ساڵی 2009وە کۆنسوڵخانەی لە هەولێر کردووەتەوە، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە نوێنەرایەتیی لە ئەڵمانیا هەیە.
 
تاوەکو ئێستا چەندین کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کراوە، لە ساڵی 2009 سەرۆک بارزانی لە بەرلین لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل کۆبووەوە، لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان لەگەل ئەنگێلا مێرکل کۆبووەوە، هەروەها لە ساڵی 2017 و لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، هێشتا هەرێمی کوردستان گەمارۆی دیپلۆماسیی لەسەربوو، نێچیرڤان بارزانی چووە بەرلین و لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل و بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا کۆبووەوە.
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا زیاتر بناسە
 
کریستین لامبرێت کە لە کابینەی مێرکڵدا وەزیری داد و وەزیری کاروباری خێزان، بەساڵاچووان، ژنان و گەنجان بوو، ئێستا لە کابینەی ئۆلاف شۆڵتزدا، وەزیری بەرگرییە. 
 
19-06-1965 لە شاری مانهایم لە رۆژئاوای ئەڵمانیا لەدایکبووە
 
سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتە
 
2013 - 2017  ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بووە
 
سەرۆکی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکرات بووە لە پەرلەمانی فیدراڵیی وڵاتەکەی لە 14-03-2018 تاوەکو 27-06-2019 
 
27-06-2019  سکرتێری دارایی پەرلەمان 
 
20-05-2021  بووە وەزیری داد و پاراستنی مافی بەکاربەر 
 
8-12-2021 بووە وەزیری کاروباری خێزان، بەساڵاچووان، ژنان و گەنجان
 
لە کابینەی ئۆلاف شۆڵتزدا بووە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا