راوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە: نێچیرڤان بارزانی و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا چاکسازییەکانی پێشمەرگە تاوتوێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە، لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکە راوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "باسی هاوکاری و پاڵپشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت، هەروەها باس لە پڕۆگرامی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و رەوشی ئێستای شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە لە دژی داعش دەکرێت".
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 09-01-2022 کریستین لامبرێت، وەزیری نوێی بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانە کۆببێتەوە.
عەمید روکن هەژار ئیسماعیل، راوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامی بۆردی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ـی تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا "لەو بڕوایەدام باسی درێژکردنەوەی ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بکات، هەم لە عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستان.. هەروەها گرنگە باس لە درێژەدان بە زیادکردنی هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە".
ئەڵمانیا چەندین پڕۆژەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامداوە، یەکێک لەوانە دروستکردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە، دروستکردنی گوندی ئەڵمانی لە بنکەی مەشقی بنەسڵاوە بۆ مەشقپێدانی هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها ئەڵمانیا رۆڵێکی کاریگەری هەیە لە پێدانی راوێژ و پێشکێشکردنی هاوکاری لە پڕۆگرامی چاکسازیی پێشمەرگە.
جگە لە لایەنی سەربازی، پەیوەندییەکی بەهێزی دیپلۆماسیش لەنێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان هەیە، تاوەکو ئێستا چەندین کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کراوە.
لە ساڵی 2009 سەرۆک بارزانی لە بەرلین لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ کۆبووەوە، لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان لەگەل ئەنگێلا مێرکڵ کۆبووەوە، هەروەها لە ساڵی 2017، لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، هێشتا هەرێمی کوردستان گەمارۆی دیپلۆماسی لەسەربوو، نێچیرڤان بارزانی چووە بەرلین و لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆبووەوە.
لەبارەی هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، عەمید روکن هەژار ئیسماعیل رایگەیاند، "ئەڵمانیا هاوکارییەکی زۆر باشی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، لەوانە چەکی میلان، چەکی (Panzerfaust) کە دژە تانکە، چەکی G36 و G6 کە کاریگەرییەکی زۆری لە شەڕێ داعش هەبوو".
لە ساڵی 2021 رێککەوتننامەیەک لەنێوان فەرماندەی تیمی ئەڵمانی لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە واژۆ کرا، بۆ ئەنجامدانی 10 پڕۆژە، کە بڕیارە لە ساڵانی 2021 و 2022 ئەنجام بدرێت بۆ پاڵپشتیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە.
لەبارەی پاڵپشتییەکانەوە عەمید روکن هەژار گوتی، "بەشێک لەو 10 پڕۆژەیە، دروستکردنی قوتابخانەیەکی مەشقە بۆ ئەفسەرانی پۆل، هەروەها مەشقکردنی بە هێزەکانی پێشمەرگە، تەواوکردنی بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە، دروستکردنی چێشتخانەیەک بۆ کۆلێژی ئەرکان و چەندین پڕۆژەی دیکە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەمید روکن هەژار رایگەیاند، ئەڵمانیا لەگەڵ 8 وڵاتی ئەوروپی بۆ ماوەی 4 ساڵ مەشق و راوێژیان بە هێزەکانی پێشمەرگە داوە، 8 وڵاتی ئەوروپی کە ئۆفیسیان دروستکردبوو بەناوی Kurdistan Training Coordination Center (KTCC)، کە هەر شەش مانگ جارێک ئەڵمانیا و ئیتاڵیا سەرکردایەتیی ئەو سەنتەرەیان دەکرد بۆ مەشق و راوێژپێدان بە هێزەکانی پێشمەرگە.
ئێستا کارەکانی KTCC تەواو بووە، لەلایەن ئەو 8 وڵاتە ئەوروپییەوە مەشق و راهێنان بە نزیکەی 45 هەزار پێشمەرگە دەدات.
چوار وڵات پاڵپشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن و راوێژکاری باڵایان هەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆگرامی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو وڵاتانەش بریتین لە ئەڵمانیا، ئەمریکا، بەریتانیا و هۆڵەندا.