هاونیشتمانییەکی کۆبانێ: مانگێکە کچەکەم لەلایەن یەپەگەوە رفێندراوە

رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەکی کۆبانێ، یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە بە "رفاندن"ی کچەکەی تۆمەتبار دەکات و داوا دەکات کچەکەی بۆ بگەڕێننەوە.
 
قەهرەمان فەرەیدوون، هاونیشتمانییەکی کوردی کۆبانێیە و لە ئەڵمانیا دادەنیشێت، رۆژی هەینی 08-12-2023 بە (رووداو)ی راگەیاند: "مانگێک لەمەوبەر (ئەمەل)ی کچم، لەلایەن یەپەگەوە رفێندراوە."
 
ئەمەل قەهرەمان، تەمەنی 12 ساڵە، دانیشتووی گوندی قۆلێییە لە کۆبانێ، لە قۆناخی بنەڕەتییە، بە گوتەی باوکی: "ئەو کاتەی ئەمەل چووەتە قوتابخانە لەلایەن یەپەگەوە رفێندراوە." 
 
قەهرەمان فەرەیدوون، کە باوکی پێنج منداڵە دەڵێت: "لەو رۆژەی کچەکەم رفێندراوە، کەسوکارەکەم سۆراخی دەکەن و دەڵێن لەلای یەپەگەیە. تەنانەت دەڵێن کچەکەم دەیەوێت بگەڕێتەوە لامان، بەڵام یەپەگە رێگەی پێنادەن."
 
باوکی ئەمەل ساڵێکە کۆبانێی جێهێشتووە و لە ئەڵمانیایە، ئەو دەڵێت: "بە تەنیا رۆیشتم بۆ ئەڵمانیا، بڕیاردابوو دوای ئەوەی گەیشتمە ئەڵمانیا کار بکەم خێزانەکەشم بگاتە ئەڵمانیا."
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل – یەپەگە، هێزێکی کوردییە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 لە رۆژئاوای کوردستان دامەزرا و یەپەگە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدەیە، هەروەها باڵی سەربازی ژنانی هەیە کە پێیدەگوترێت یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و شانبەشانی یەکدی شەڕ دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 27-11-2023، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە تێیدا ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی دژی منداڵان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکات.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە لە نێوان  1-7-2020 تاوەکو 30-9-2022دا پێنج هەزار و 219 پێشێلکاری لەلایەن 30 گرووپی چەکدارییەوە بەرامبەر پێنج هەزار و 73 منداڵ کراون.
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان باسیکردووە، 829 منداڵیان وەک چەکدار بەکارهێناوە، 824 منداڵ لەلایەن یەپەگە/یەپەژە، سێ منداڵ لەلایەن هێزەکانی دیکەی نێو هەسەدە، دوو منداڵیش لەلایەن هێزەکانی رزگاریی عەفرین.
 
لە ساڵی 2019دا هەسەدە رێککەوتنێکی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرد و بەڵێنیدا کۆتایی بە چەکدارکردنی کەسانی تەمەن خوار 18 ساڵ بهێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەند ئۆفیسێکی تایبەت بە پاراستنی منداڵانی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی کردەوە. بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەکدارکردنی منداڵان لەلایەن هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆوە بە رێژەی 80% زیادیکردووە."