فەیسەڵ کەریم خان بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەستنیشانکرا
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەستنیشانکراوە. ئەندامێکی سەرکردایەتیی حیزبەکە دەڵێت، پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ئەو مافەی بە سەرۆک داوە کەسێک بکاتە ئەندامی سەرکردایەتی.
سەبارەت بە دیاریکردنی فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، رۆژی پێنجشەممە 8-12-2022، حەسیبە عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، فەیسەڵ کەریم خان بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کراوە بە ئەندامی سەرکردایەتی و پەیڕەوی نێوخۆی حیزب ئەو مافەی بە سەرۆک داوە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە: "سهرۆكی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵپشت بهو دهسهڵاتهی پهیڕهو پێیداوه له بڕگهی یهكهم له مادهی 62ـی پهیڕهوی نێوخۆ، دوای تهواوكردنی رێكاره پهیڕهوییهكان بڕیارهكهی دهركردووه. بەگوێرەی بڕگەی یەك لە مادەی 62ی هەمواركراوی پەیڕەوی نێوخۆ، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەسەڵاتی هەیە كە سێ تاوەکو چوار كەسایەتی دیاری سیاسی بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی دابنێت. سەرۆك بافڵ ئەو دەسەڵاتەی بەكارهێناوە و فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی وەك ئەندامی سەركردایەتی دەستنیشانكردووە."
بڕیارەکە لە رۆژی چوارشەممە 7-12-2022ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، لە هەڵبژاردنی 10ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی یەکی پارێزگای هەولێر، کە دەڤەری سۆرانی دەگرتەوە، بەڵام سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا و نەبووە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.