نوێنەرایەتی هەدەپە دەڵێت، شاندێکی دەم پارتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی هەیە دەچێتە هەولێر


رووداو دیجیتاڵ

دوای دوورخستنەوەی چەند ئەندامێکی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە سنووری هەولێر، نوێنەرێکیان دەڵێت، "داوا دەکەین هەر کێشەیەکمان هەیە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت."

حیکمەت هاتیب، یەکێک لە نوێنەرانی نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان کە بارەگاکەیان لە شاری هەولێرە، دوێنێ هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "06ـی ئەم مانگە ئاسایش من و سێ ئەندامی دیکەیان خستە نێو دوو ئۆتۆمبێل. بەشێکیان لە سماقووڵی داناین و بەشەکەی دیکە لە دێگەڵە و پێیان گوتین کارتان لێرە نەماوە."

ئەو نوێنەرەی هەدەپە گوتی، هیچ هۆکارێکیان پێ نەگوترا بۆ هۆکاری دورخستنەوەیان؛ گوتیشی، پێش 15 رۆژ لەگەڵ بەرپرسانی سنوورەکە گفتوگۆیان هەبووە و هیچ کێشەیەکیان نەبووە.

حیکمەت هاتیب گوتی، "دەمانەوێت هەر کێشەیەک هەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. بۆ ئەوەش هەڤاڵانمان لە دەم پارتی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی لە پەیوەندیدان و لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێک دێتە [هەرێمی کوردستان]."

نوێنەرەکەی هەدەپە ئاماژەی بەوەشكرد، هاوڕێکانی هاوژین و منداڵیان لە هەولێر جێهێشتووە و داوای کرد، رێگەیان بدرێت بگەڕێنەوە شارەکە؛ گوتیشی، "پێنج ساڵە نوێنەرایەتی هەدەپە دەکەین لە هەرێمی کوردستان و هیچ کێشەیەکمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست نەکردووە و دروستیشی ناکەین."

هەر لەوبارەیەوە سدقی واکار، یەکێکی دیکە لە نوێنەرانی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پرسیارمان کرد هۆکار چییە دەمانبەنە سلێمانی، بەڵام هیچ وەڵامێکمان دەستنەکەوت."

ئەو نوێنەرەی هەدەپە گوتی، چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنەکانی هەولێرن و دەیانەوێت بزانن هۆکاری دوورخستنەوەیان چییە.

هەدەپە بەهۆی سکاڵاکانی دژی لە دادگەکانی تورکیا چالاکییەکانی راگرتووە و بەناوی دەم پارتییەوە کار دەکات، بەڵام هێشتا پارتێکی فەرمییە و قەدەخە نەکراوە.