بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان: تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو حەوت بەنداو تەواودەکرێن


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو نزیکەی حەوت بەنداو لە هەرێمی کوردستان کارەکانیان تەواو دەبێت و ئامادە دەبن بۆ گلدانەوەی ئاو. دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی بەنداوی دووکان و دەربەندیخان 30٪ی ئاوی کۆگاکراوی عێراق دابین دەکەن، بەڵام حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە ئەرکی دەستووریی خۆی هەڵنەساوە بۆ پاڵپشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان.
 
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی ‏بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی گەورە هەن: دووکان، دەربەندیخان و دهۆک. گوتیشی، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لەچاو ساڵی رابردوو باشترە، بەڵام هەریەکە لە بەنداوی دووکان زیاتر لە مەترێک و بەنداوی دهۆک نزیکەی 1.5 مەتر کەمترە لەچاو ساڵی رابردوو.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، ئاستی ئاوی کۆگاکراوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام بەراورد بە بەنداوەکانی دەوروبەرمان باشترە، "ئەو پلانەی بۆ کارکردنی بەنداوەکان دانراوە زۆر بە باشی جێبەجێکراوە."
 
لەبارەی ئەو بەنداوانەی کە لە قۆناخی جێبەجێکردندان، رەحمان خانی گوتی، "بەگوێرەی ئەو پلانەی هەیە بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی ئاو، بودجە بۆ ئەو بەنداوانە تەرخانکراوە کە رێژەیەکی زۆریان تەواوکراوە بۆ ئەوەی تەواوبکرێن کە ئەوانیش بەنداوەکانی ( خنس، دێوانە و تورەجاڕ)ن، هەروەک دوو سێ بەنداوی دیکەیش کاری تێدادەکرێت و ئەگەر گرفتیان بۆ دروست نەبێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو نزیکەی حەوت بەنداو تەواو دەبن و ئامادە دەبن بۆ گلدانەوەی ئاو."
 
لەبارەی پابەندییەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرامبەر بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵی وەکو پێویست بەدەم دۆخی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانەوە نەهاتووە و پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکردووە لەکاتێکدا هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان 30٪ی ئاوی عێراقی تێدا کۆگاکراوە."
 
رەحمان خانی داوادەکات بۆ لەمەودوا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکات، "پێویستە پرسی ئاو و بەنداوەکان خاڵێکی سەرەکیی گفتوگۆکان نێوان هەردوولا بێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەیە لە بەنداوی دەربەندیخان، چونکە بەنداوەکان بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە دروستکراون، پێویستیان بەوەیە کە نۆژەن بکرێنەوە.