نەقیبی پێشووی سەندیكای پارێزەران: دەبێ هەڵبژاردن بكرێتەوە

08-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەندیكای پارێزەران
A+ A-
رووداو- هەولێر

نەقیبی پێشووی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی ئەو سەندیكایە بەهۆكاری بوونی ساختەكاری رەتدەكاتەوە، نەقیبی تازە هەڵبژێردراویش دەڵێ ئەوانە هەڵەی تەكنیكین.

وریا سەعدی، نەقیبی پێشووی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بەشداری بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی كرد و رایگەیاند: "تاوەكو ئێستا ئێمە شەرعییەتی تەواومان هەیە و بەپێی كۆنووسی لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرە بڕیاری ئەوە دراوە پەسندی دەرەنجامی هەڵبژاردنی ژووری هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان نەكرێ، بۆیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پارێزەرانی كوردستان درووست نین".

لەبەرامبەردا بەختیار حەیدەر، نەقیبی نوێی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لە میانی بەرنامەكەدا گوتی: "دەرەنجامی هەڵبژاردنی ژووری هەولێر لەلایەن دادوەرەوە راگەیەنراوە و دواتر خودی ئەو لیژنەیەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی كرد و ناوی (لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرە)یە لە بڕگەی شەشەمی كۆنووسەكەدا هاتووە كە من 1472 دەنگ، ئەحمەد عەبدولقادر 1453 دەنگی بەدەستهێناوە".

حەیدەر ئاماژەی بەوەش دا: "لە هەمان كۆنووسدا هاتووە كە نووسراوە هەڵبژاردنی ژووری هەولێرمان پەسند نەكرد، لەبەرئەوەی جیاوازی 15 دەنگ هەیە لەنێوان ئەو كەسانەی دەنگیان داوە، لەگەڵ ئەو كەسانەی ناویان لە تۆماری ناوی دەنگدەراندا هاتووە".

وریا سەعدی ئەوەی خستەڕوو: "لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆی تێبینی لەسەر ئەوە هەیە كە لە دەنگدانی هەولێردا دەنگی زیادە هەیە، بۆیە رەتیكردووەتەوە، ئەو لیژنەیەش هەموو مافێكی هەیە كە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسند بكات یاخود رەتبكاتەوە".

رەتیشیكردەوە حاكمی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان پەسندی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كردبێت و ئاماژەی بەوەدا: "حاكمەكان تەنیا مەحزەرەكان دەنووسن، مافی بڕیاردانیان نییە". گوتیشی: "سێ جیاوازی هەن، ئەوانیش جیاوازی لە دەنگی لیستەكان، پۆستی نەقیب و ژمارەی دەنگدەران".

گوتیشی: "بەپێی مەحزەری دادوەر ساختەكاری كراوە و  15 دەنگ جیاوازی لەنێوان تۆماری دەنگدەران و ئەو دەنگدانە هەیە كە خراونەتە نێو سندووقەوە".

زیاتر گوتی: "دادگای تەمییزی هەرێمی كوردستان بڕیار ئەوەی داوە كە لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرەی پێنجەمی سەندیكای پارێزەران خاوەنی بڕیارن، كە لیژنەكە تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبووەو رەتیانكردووەتەوە".

بەختیار حەیدەر گوتی: "چ لۆجیكێك لەوەدا هەیە، كە دادوەر بۆی نەبێ بڕیار لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بدات، بەڵام لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرەی پارێزەران مافی ئەوەی هەبێ". گوتیشی "تەحەددای هەر كەسێك دەكەم با لەنێو یاسای پارێزەران یەك بڕگەم بۆ بێنێتەوە كە باس لەو لیژنەیە كرابێت".

 جەختیشیكردەوە: "زیادبوونی 15 دەنگ هەڵەیەكی هونەرییە، دیار نییە ئەو دەنگانە بۆ كێ چوون، لە هەولێر 2 هەزار زیاتر پارێزەر مافی دەنگدانیان هەیە، لەو رێژەیە 1472 كەس ئامادە بوون، ئەو ئەو ناوانە تەنیا لە لیستەكە تۆمار نەكراوە".

نەقیبی پێشووی سەندیكای پارێزەران گوتی: "تاوەكو ماوەی تانەلێدان تەواو دەبێ دەكرێ لە دادگای تەمییز تانە لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان بدرێ، ئەگەر ئەوە نەكرا، بەپێی مادەی 50 دەكرێ یەك لەسەر سێی ئەندامان داوا بكەن كۆنگرە ببەسترێتەوە، من خۆشم پێموایە سندووقی هەولێر دانی پێدا نانرێ و دەبێ هەڵبژاردنی نەقیبی سەندیكای پارێزەران ئەنجام بدرێتەوە".

نەقیبی نوێی سەندیكای پارێزەران-یش گوتی: "دەبێ پارێزەران بەر لە هەموو كەس رێز لە یاسا و دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن بگرن، بەڵام بەداخەوە ئەوەی روویدا لەم هەڵبژاردنە سیاسەتیان هێنایە نێو سەندیكای پارێزەران، كە من نامەوێ ناوی كەس بهێنم، چونكە بڕیارم داوە سەربەخۆیانە كار بكەم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە