شارەوانیی هەولێر: کارتی دابەشکردنی زەوی ئامادە کرا
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر دەڵێت، دەستیانکردووە بە ئامادەکردنی کارتی دابەشکردنی زەوی و "مژدەیەکی خۆش" دەدەنە ئەو کەسانەی مەرجەکانی سوودمەندبوونیان لە وەرگرتنی زەوی هەیە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر شەوی سێشەممە رایگەیاند، دوای بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و رێکارەکانی وەزارەتی شارەوانی، ئەمڕۆ "دەستکرا بە ئامادەکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کارتەکانی دابەشکردنی زەوی".
شارەوانی رایگەیاندووە، "موژەیەکی خۆش دەدەینە فەرمانبەران کە کارتەکان ئامادەن".
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بەرپرسێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێکارە یاساییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەردەوامن، لەنێویاندا جیاکردنەوەی زەوییەکان."
هەمان رۆژ ئاوات دەباغ، گوتەبێژی شارەوانییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارە لە کەمتر لە مانگێکدا سەرجەم وردبینییەکان لە وەزارەتەکان تەواوبکرێن و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێن.
دوای ئەوەی نووسراوەکان دەگەنە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنەکە فەرمان دەردەکات و رەوانەی وەزارەتی شارەوانی دەکات و وەزارەتەکەش ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکات بۆ دابەشکردنی زەوی.
ئاوات دەباغ گوتی، "وردبینی و رێکارەکانی دابەشکردن بەردەوامە و رێکارە یاساییەکانی بەڕێوەدەچن."
بڕیاری دابەشکردنی زەوی لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.