پاشماوەی پزیشکی تێکەڵ بە خاشاکی قەڵادزێ دەکرێت و بووەتە مەترسی لەسەر تەندروستیی خەڵک

 
رووداو - قەڵادزێ

هەرچەند بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی زبڵ و خاشاکی ماڵان لانیکەم دەبێت پێنج کیلۆمەتر لە دەرەوەی سنووری شارەوانییەکان فڕێ بدرێن، بەڵام لە قەڵادزێ لەسەر زەویی کشتوکاڵی و لەنزیک ئاوەدانی فڕێدەدرێت.
 
عەباس عەبدوڵڵا، ئاژەڵدارە دەڵێت، "بە کەمتر لە کیلۆمەترێک ئاغەڵی ماڵاتەکەی دوورە لەو زبڵەی رۆژانە لە قەڵادزێ فڕێ دەدرێت، کەلاکی تۆپیو و مریشکی مرداربوو مەترسییان بۆسەر تەندروستیی خێزانەکەی و ئاژەڵەکانی دروستکردووە."
 
ئەو ئاژەڵدارە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەتا بڵێی مەترسی زۆرە، چونکە بۆگەنی زۆرە، چونکە پاشەڕۆی ئاوەکە دەچێتە ناو گوندی کۆشکەڵە و لەوێشەوە دەچێتەوە ناو ئاوی زێ، هیوادارم شوێنێکی گونجاوی بۆ دیاری بکەن."
 
جگە لە زبڵی ماڵان، پاشماوەی نۆرینگە تەندروستییەکانیش لەناو ئەو زبڵ و خاشاکەدان، سەرەڕای مەترسییەکانی، زیاتر لە 10خێزانیش رۆژانە بژێویی ژیانیان لەسەر کۆکردنەوەی قوتو و پلاستیکی ناو زبڵەکەیە.
 
خالید وەتمان، کاسبکار دەڵێت، "کانولە و دەری و بتڵی خوێن و موس، هەرچییەکت دەوێت تێیدایەتی، ئەو پاشماوانەی پێویستە جیابکرێنەوە،جیاناکرێنەوە."
 
نەبوونی کارگەی ریسایکلین لە پشدەر، هۆکاری فڕێدانی زبڵ و خاشاکە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.
 
ئارام محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ دەڵێت، "بەداخەوە پرۆژەی ریسایکلین کە لە پلاندا بوو، تاوەکو ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەگینا رێگەی زانستی بۆ لەناوبردنی زبڵ و خاشاک ژێرخاکردن و ریسایکلینە."
 
لە قەڵادزێ رۆژانە نزیکەی 70 تۆن زبڵ و خاشاک لە رێگەی کۆمپانیاوە کۆدەکرێتەوە، فڕێدانی لە نزیک ماڵان و بۆگەنەکەی هاونیشمانییانی هەراسان کردووە.