بەرپرسێکی یەکێتی: لە بۆردوومانەکەی کەمپی مەخمووردا هیچ گەریلایەک گیانی لەدەست نەداوە

رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە مەخموور دەڵێت، لە بۆردوومانەکەی ئێوارەی دوێنێ بۆ سەر کەمپی مەخموور، سێ کەس بریندار بوون کە ژنێک، مێردمنداڵێک و منداڵێک بوون و "هیچ گەریلایەک" گیانی لەدەستنەداوە.
 
رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی قەرەچووخی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە شاری مەخموور ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-10- 2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکە کاژێر 07:05ـی ئێوارەی شەممە و لەکاتی نوێژی عیشادا مزگەوتی کەمپەکەی کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا ژنێک، مێردمنداڵێک و منداڵێک بە سووکی بریندار بوون.
 
گەڵاڵی دەڵێت، ژنەکە لە دایکبووی ساڵی 1951ـە و مێردمنداڵەکەش لەدایکبووی 2008ـە. گوتیشی، "دەنگۆی ئەوە هەبوو دوو گەریلای پەکەکە لەنێو کەمپەکەدا بووبن، دیارە ئامانجی هێرشەکەش ئەوان بوون، بەڵام راست نەبووە'' و، هیچ گەریلایەکیش لەو هێرشەدا گیانی لەدەستنەداوە.
 
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێیدەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جوودی) لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە.
 
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، کەمپەکە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.