رێبەر ئەحمەد سێ رێگە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەخاتەڕوو

 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەر ئەحمەد، بەربژێری پارتی بۆ سەرۆککۆمار لەبارەی یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستە دەڵێت، دەبێت ئەو حیزبەی زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە بەربژێری سەرۆککۆمار دیاری بکات، یان وەکو 2014 ئەندامانی پەرلەمانی کورد لە عێراق دەنگ بە بەربژێرانی سەرۆککۆمار بدەن، ئەگەرنا "ئێمە ئامادەین ئەم دەنگدانە ببەینە نێو پەرلەمانی کوردستان و لەوێ یەکلایی بکەینەوە".
 
رۆژی شەممە 08-10-2022 رێبەر ئەحمەد لە دیداری "پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا" لەبارەی یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار رایگەیاند، نابێت وا دابنرێت پۆستی سەرۆککۆمار تەنیا پشکی لایەنێکی کوردستانە، چونکە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆککۆمار نوێنەری حیزبێک نییە، نوێنەری هەموو کوردە.
 
هەروەها ئەو بەربژێرەی سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەش دا، قبووڵی ناکەن بە دوو بەربژێرەوە بچنە دەنگدان لەسەر سەرۆککۆمار، تاوەکو ئێستاش پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکنەکەوتوون.
 
 
دوای تێپەڕینی نزیکەی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران پڕ نەکراوەتەوە. رێبەر ئەحمەد لەبارەی دۆخی وڵاتەکەوە دەڵێت، پرۆسەی سیاسیی عێراق گەیشتووەتە بنبەست و، وەدەرنانی هەر پێکهاتەیەک لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، ئاڵۆزیی بەدواوە دێت.
 
دوای ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە رێگەی پێکهێنانی سێیەکی پەکخەرەوە پرۆسەی سیاسی و کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی پەکخست، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی رەوتەکەی کرد دەستلەکاربکێشنەوە، ئەوەش بۆشاییەکی گەورەی لە پەرلەمانی عێراق دروستکرد و زۆربەی ئەو بۆشاییە بە بەربژێرە دەرنەچووەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پڕکرانەوە.
 
موقتەدا سەدر سوور بوو لەسەر هەڵوێستەکەی و بڕیاری دا بەشداریی پڕۆسەی سیاسی نەکات. رێبەر ئەحمەد لەو بارەوە دەڵێت، هەر حکومەتێک بەبێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر پێکبێت، سەرکەوتوو نابێت. هەروەها دەشڵێت، ئەگەر لایەنی براوەی هەڵبژاردن بخرێتە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی، پرۆسەکە لاسەنگ دەبێت.
 
دوای پرۆسەی رزگاریی عێراق، وەکو نەریتێکی سیاسی پۆستی سەرۆککۆمار بە کورد و سەرۆکوەزیران بە شیعەکان درا، رێبەر ئەحمەد دەڵێت، کورد دەستوەردان لە دانانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناکات، بەڵام لایەنەکانی دیکەی عێراق لە دیاریکردنی سەرۆککۆمار دەستوەردان دەکەن.