دەنگدانی تایبەت کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
دەنگدانی تایبەت لە کاژێر 18:00 کۆتاییهات. یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 18:00 ئامێرەکانی دەنگدان لەکاردەکەون.
لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامەکانیشەوە، نبراس ئەبوسودە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان گوتی، ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ ئەنجامی دەنگدانی گشتی بڵاودەکرێتەوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش ئاماژە بەوە دەکات، دزەپێکردنی ئەنجامی دەنگدان بە تاوان هەژمار دەکرێت.
جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دەنگدانەکە بەبێ کێشە و بێ تۆمارکردنی هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی کۆتاییهاتووە، هەروەها دەشڵێت، "رێژەی بەشداریکردنەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەنگدانەکە سەرکەوتوو بووە".
لە سنووری ئیدارەی رانیە نۆ ناوەندی دەنگدان هەن کە هەشتیان بۆ هێزە ئەمنییەکان بوون و یەکێکیشیان بۆ ئاوارەکان بوو، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "خۆشبەختانە ئەو بەرنامەی ئێمە دامانڕشتبوو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بە سەرکەوتووی جێبەجێ بوو، هیچ خروقات و هیچ کێشەیەک دروستنەبووە".
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان لەم ناوچانە بەمشێوەیە بوون: چۆمان 94٪، رواندز 96٪، مێرگەسۆر 97٪، خەلیفان 96٪، سیدەکان 95٪، هەریر 93٪.
لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، رێژەی بەشداریکردنی ئاوارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 64٪ بووە و رێژەی بەشداریکردن هێزە ئەمنییەکان 86٪ بووە.
خالد عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆن لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو کاژێر 17:00 رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە قەزای سێمێل گەیشتووەتە 90٪.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان دەست رووداو کەوتوون، رێژەی بەشداریکردن لە سنووری قەزای چەمچەماڵ تاوەکو کاژێر 17:00 82٪ بووە، هەروەها بەپێی ئامارەکانی لیژنەی هاوبەشی ئەمنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سنووری ئیدارەی رانیە رێژەی دەنگدان 90٪ـی تێپەڕاندووە.
رێژەی بەشداریکردن لە 14 بنکەی دەنگدان لە هەولێر:
لەلایەکی دیکەوە سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری رۆژهەڵاتی دیجلە بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو کاژێر 17:00، رێژەی بەشداری لە سنووری میحوەرەکە 95% بووە.
نووسینگەی هەڵبژاردنی پارتی لە زاخۆ دەڵێت، رێژەی بەشداریکردن لە قەزاکە تاوەکو کاژێر 17:00 نزیکەی 86٪ بووە.
ئەمڕۆ هەینی 8-10-2021 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاژێر 07:00 دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام بوو.
جگە لە هێزە ئەمنییەکان، ئاوارەکانیش بەشداری دەکەن کە بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، 120 هەزار و 126 کەس دەبن، لەو ژمارەیە 105 هەزار و 754 دەنگدەریان لە هەرێمی کوردستانن.
رۆژی یەکشەممە 10-10-2021، دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا نزیکەی 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.