کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: تاوەکو نیوەڕۆ رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت 36٪ بووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت تاوەکو کاژێر 12ی نیوەڕۆ راگەیاند، کە لە سەرانسەری عێراقدا 36٪ بووە.
لە دەنگدانی تایبەتدا لە عێراق، یەک ملیۆن و 196 هەزار و 523 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە تاوەکو کاژێر 12ی نیوەڕۆ، 435 هەزار و 264 کەس دەنگیان داوە، بەو پێیەش رێژەی بەشداریکردن تاوەکو نیوەڕۆ دەکاتە 36٪.
زۆرترین رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت تاوەکو نیوەڕۆ لە پارێزگای بابل بووە کە 48٪، کەمترین رێژەی بەشداریکردنیش لە بەشی رەسافەی پارێزگای بەغدا بووە کە 31٪ بووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆن، رێژەی بەشداریکردن دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە، لە هەولێر لە کۆی 115 هەزار و 254 کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە لە دەنگدانی تایبەت، 39 هەزار و 341 کەس دەنگیانداوە و رێژەی بەشداریکردن 34٪ بووە.
لە پارێزگای سلێمانی 95 هەزار و 984 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیە 35 هەزار و 433 کەس دەنگیانداوە و رێژەی دەنگدان گەیشتووەتە 37٪.
لە پارێزگای دهۆک 120 هەزار و 675 کەس لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە، کە لە دوای بەغدا دووەم پارێزگایە کە زۆرترین ژمارەی دەنگدەری هەیە لە دەنگدانی تایبەت، تاوەکو کاژێر 12ی نیوەڕۆ 38 هەزار و 138 کەس دەنگیان داوە و رێژەی دەنگدان 32٪ بووە.
لە پارێزگای کەرکووک 55 هەزار و 490 کەس مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەیە و لەو ژمارەیە 18 هەزار و 135 کەس دەنگیانداوە و رێژەی بەشداریکردن 33٪ بووە. بەم شێوەیە، رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 34٪ بووە.
هەروەها لە پارێزگای نەینەوا رێژەی بەشداریکردن 39٪ بووە، پارێزگای سەڵاحەدین 43٪، پارێزگای دیالە 35٪، پارێزگای ئەنبار 33٪، پارێزگای بەسرە 41٪ و پارێزگای زیقار 45 ٪.