نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران: سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەولێر دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران دەڵێت، لەم مانگەدا سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەولێر دەکات.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 11ـی ئەم مانگە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکۆماری ئێران سەردانی عێراق دەکات.
 
دەباغ گوتی: "وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاگاداری کردینەوە، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، مەسعود پزیشکیان سەردانی هەولێریش دەکات".
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، لە کۆبوونەوەکەشدا نێچیرڤان بارزانی، پزیشکیانی بانگهێشتی هەولێر کرد.
 
06ـی ئەم مانگە، کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق بە رووداوی گوت: "سەردانی سەرۆککۆمار مەسعود پزیشکیان هاوکاتە لەگەڵ هەلومەرج و پێشهاتەکانی ناوچەکە و بابەتی غەززە، هەروەها ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەیە لە بواری سیاسی، کولتووری، ئابووری و ئەمنیدا."
  
ئال سادق هەروەها روونیکردەوە، لە سەردانەکەدا "ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکەن."
 
ئال سادق گوتی، "ئەگەر هەلومەرج لەبار بوو، [سەرۆککۆماری ئێران] سەردانی بەسرە و هەولێریش دەکات."
 
31-7-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەسعود پزشكیان سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "سەرۆکكۆماری ئێران سوپاسی بەشداریی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونیدا كرد، هه‌روه‌ها دووپاتیكردەوە ئێران له‌ هه‌موو بواره‌کاندا خوازیاری برەودانە بە پەیوەندییەكان و هاریکاریی هاوبه‌شی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقدا."
 
نێچیرڤان بارزانی بەپێی راگەیێندراوەکە سوپاسی بانگهێشتەكەیانی كرد و دووپاتیكردەوە "هەرێمی كوردستان، ئێران بە دراوسێیەكی گرنگی خۆی دەزانێت و کار ده‌کات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێراندا، هه‌روه‌ها سه‌رۆک پزشکیانی بانگهێشتی هه‌ولێر کرد له‌ کاتی سه‌ردانی چاوه‌ڕوانکراویدا بۆ‌ به‌غدا.''