پۆلیسی سلێمانی: بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە لە کەسێک بە هەڕەشە، دوو ژن و پیاوێک دەستگیر کران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵای کەسێک، سێ تۆمەتباریان بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە بە "هەڕەشە" دەستگیر کردووە، کە دووانیان ئافرەتن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، هاووڵاتییەك سكاڵای تۆمار كردووە و گوتوویەتی، سێ كەس چوونەتە ناو ماڵەكەیەوە و بە زەبری "چەقۆ و هەڕەشە،" نزیكەی 30 ملیۆن دیناری عێراقییان لێسەندووە.
دوای سکاڵای ئەو هاووڵاتییە، پۆلیسی سلێمانی هەر سێ تۆمەتبارەکەی دەستگیر کردووە و دەڵێت، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا تۆمەتبارەکان "بڕێک" پارەیان پێ بووە و دەستیان بەسەردا گرتووە.
پۆلیس ناسنامەی تۆمەتبارەکانی بەم شێوەیە بڵاوکردووەتەوە، (ر، س، ع لەدایكبووی 1988 پیاو)، (م، ع، س لەدایكبووی 1996 ئافرەت) و (د، س، ع لە دایكبووی 1997 ئافرەت).